رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى ناوخۆى عێراق رێنمایی جامڕەشکردنى ئۆتۆمبێل دەردەکات کە بەگوێرەى رێژەی رەشییەکە، پارەکەى دەگۆڕێت و دەگاتە پێنج ملیۆن دینار. سێ سەرۆکایەتییەکە, وەزیر و پەرلەمانتارەکانیش دەگرێتەوە.
27ى تەممووزى 2023، وەزارەتى ناوخۆى عێراق رێنماییەکانى جامڕەشکردنى ئۆتۆمبێلى بڵاوکردەوە کە بەگوێرەى رێژەى جامرەشکردنەکە، پارەکەى دەگۆڕێت.
بەگوێرەى رێنماییەکان، ئەو ئۆتۆمبێلانەى 30%ى جامەکەیان رەشدەکرێت، دەبێت دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار بدەن، ئەگەر رێژەکە گەیشتە 40%، پارەکەى دەبێت بە سێ ملیۆن و 500 هەزار دینار، ئەگەر 50% بێت، پێویستە پێنج ملیۆن دینار بدرێت.
ئەو رێنماییانە بۆ جامڕەشکردنى ئۆتۆمبێلەکان بۆ ماوەى یەک ساڵە و مایەى نوێکردنەوەیە، بەو مەرجەى کە بەهەمان شێوە پارە بدرێتەوە.
ئەو هەنگاوە جامى پێشەوەى ئۆتۆمبێل ناگرێتەوە و نابێت ئاوێنەییش بێت، ئەوە جگە لەوەى ئۆتۆمبێلى تاکسی و پاسى گواستنەوەى گشتى و بارهەڵگر نابێت جامیان رەش بکرێت، بەڵام ئەگەر پاسى گواستنەوەى 40 کەسی تایبەت بە کۆمپانیاکانى گەشتوگوزار بێت، دەتوانرێت جامەکەى رەش بکرێت.
وەزارەتى ناوخۆى عێراق ئاماژەى بەوەداوە، ئەو رێنماییە ئۆتۆمبێلى سەرۆکایەتییەکانی کۆمار، پەرلەمان و حکومەتى عێراق و ئەندامانى پەرلەمان، وەزیر و بریکارەکانیان، سەرۆکى دەستەکان و هاوپلەکانیان، پارێزگار، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، راوێژکار و سەرۆکى نێردە دیپلۆماسییەکان دەگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ