15 هاوپەیمانیێتیی نوێ بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق پێکهێندراون

28-07-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

15 هاوپەیمانێتیى نوێ لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق تۆمارکراون، لەگەڵ نۆ هاوپەیمانیێتیی دیکە، کە پێشتر تۆمارکرابوون، داواکارى بەشداریکردنیان پێشکێش کردووە بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکەن، کە بڕیارە لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 بکرێت.
 
رۆژی 28ى تەممووزى 2023 جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "تاوەکو 27ى تەممووز ژمارەى ئەو هاوپەیمانیێتیانەى کە لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان تۆمارکراون گەیشتووەتە 24 هاوپەیمانیێتى، کە 15 یان نوێن.
 
جومانە غەلاى گوتى: "ئەو نۆ هاوپەیمانییێتەى دیکە پێشتر لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان تۆمارکرابوون و نوێنەرانیان سەردانى فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانیان کردووە بۆ جەختکردنەوە لە بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان." 
 
لە یەکى تەمموزەوە تۆمارکردنى هاوپەیمانیی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەستیپێکرد، کە تاوەکو 31ى تەمموز بەردەوام دەبێت.
 
جومانە غەلاى گوتى: "281 پارتى سیاسی لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان تۆمارکراون و 78 پارتى دیکە داواکارى تۆمارکردنیان لە تاوتوێکردندایە".
 
بڕیارە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 بکرێت، لەدواى ئەوەى لە ساڵى 2019 بە بڕیارى پەرلەمانى عێراق، بەهۆی تەواوبوونی ماوەی یاساییان، کارکردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان سڕ کرا. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە