دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵاکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکلاکردەوە

28-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری خۆی لەبارەی هەشت بڕگە و مادەی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2023 (هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکانی ژمارە 12ی ساڵی 2018) دەرکرد کە بەشی زۆریان پەیوەست بوون بە کورسیی پێکهاتەکانەوە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگاکانی عێراق. بەگوێرەی بڕیارەکە، عێراق و هەرێمی کوردستان دەبنە یەک بازنەی هەڵبژاردن.
 
رۆژی دووشەممە 28-08-2023 دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری لەسەر رەتکردنەوەی ژمارەیەک بڕگە و مادەی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2023ی (هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکانی ژمارە 12ی ساڵی 2018)دا و هەندێک بڕگە و مادەی رەتکردەوە و بەشێکیشی وەکو خۆی هێشتنەوە سەرباری سکاڵاکردن لە دژیان.
 
سکاڵاکان کە بڕیاریان لەبارەوە دەرچووە ئەمانەن: بڕگەی (ب)ی مادەی پێنج، بڕگەی سێیەم لە مادەی شەش، بڕگەکانی (ج، د، ه) لە مادەی نۆ، مادەی 14، بڕگەکانی یەکەم و دووەمی مادەی 21.
 
بەپێی دادگەی باڵای فیدراڵی، دادگە بڕیاری لەبارەی ئەو تانانە دا کە پێشکێش کرابوون، تانەکانیش بریتیبوون لە:
 
یەکەم: نادەستووریبوونی بڕگەی (ب)ـی مادەی پێنجی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2023 کە دەڵێت: دوای تەواوبوونی خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە لە بڕگەی یەکەمی ئەم مادەیە هاتووە هەڵبژاردن پێش 45 رۆژ بەڕێوەدەچێت و وادەی هەڵبژاردن بەبڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆن پێش ماوەیەک کە لە 90 رۆژ کەمتر نەبێت، دەردەچێت.
 
دووەم: نادەستووریبوونی بڕگەی سێیەم لە مادەی شەشی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2023 کە دەڵێت: نابێت بە هیچ کەتن یان تاوانێکی ئابڕووبەر یان پرسەکانی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی وەکو لە مادەکانی (330، 333، 334، 335، 336، 336، 338، 339، 340)ـی یاسای سزاکانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969‌ـی هەموارکراودا هاتووە، سزای یەکلاییکەرەوە درابێت، چی لێخۆشبوون گرتبێتییەوە یان نا. هەروەها پشتبەستن بە بڕگەی سێیەمی مادەی پێنجی یاسای ژمارە 14ی ساڵی 2019 (یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکانی ژمارە 12ـی ساڵی 2018) کە دەڵێت: دەبێت رەوشت و ناوبانگی باش بێت و بە هیچ تاوان یان کەتنێکی ئابڕووبەرانە سزا نەدرابێت، لەنێویاندا پرسەکانی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی بە سزایەکی دادگەی یەکلاییکەرەوە، چی لێخۆشبوون گرتبێتییەوە یان نا.
 
سێیەم: نادەستووریبوونی بڕگەی (ج) لە بڕگەی یەکەمی مادەی 9ی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2023، کە دەڵێت: ئەو کورسییانەی بۆ پێکهاتەی کریستیان بۆ ئەندامێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران تەرخاندەکرێت خۆ بەربژێرکردن تێیدا تاکەکەسی دەبێت لەچوارچێوەی بازنەی هەڵبژاردن و ئەو کەسەی زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت، براوەیە، بازنەکانیشیان بەمشێوەیە دابەشدەبێت:
 
1- دوو کورسی لە هەولێر و دهۆک و هەرێمی کوردستان بە سنووری کارگێڕییەوە یەک بازنەی هەڵبژاردن دەبێت.
2- کورسییەکانی بەغدا، نەینەوا، کەرکووک، واتە عێراق بەبێ هەرێمی کوردستان یەک بازنەی هەڵبژاردن دەبێت.
 
چوارەم: نادەستووریبوونی دەستەواژەی "سابیئەی مەندایی" لە بڕگەی (د) لە بڕگەی یەکەمی مادەی 9ـی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2023، بڕگەی (د)بەمشێوەیە دەمێنێتەوە: "ئەو کورسییەی بۆ پێکهاتە تەرخاندەکرێت عێراق تێیدا دەبێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن و خۆ بەربژێرکردن تێیدا لەچوارچێوەی بازنەی هەڵبژاردن تاکەکەسی دەبێت و ئەو کەسەی زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت براوە دەبێت."
 
پێنجەم: نادەستووریبوونی بڕگەی(ه)لە بڕگەی یەکەمی مادەی نۆیەمی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2023، کە دەڵێت "ئەو کورسییانەی بۆ پێکهاتەکانی (ئێزدی، شەبەک، کوردی فەیلی) لەو پارێزگایانەی کورسیی کۆتایان بۆ تەرخاندەکرێت، پارێزگاکە یەک بازنەی هەڵبژاردن دەبێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و خۆبەربژێرکردن تێیدا لەچوارچێوەی هەڵبژاردن تاکەکەسی دەبێت و ئەو کەسەی زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت براوە دەبێت."
 
شەشەم: بەرەنگاربوونەوە و بڕیاردان بە نادەستووریبوونی مادەی 14ـی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2023 کە دەڵێت: "دەقی بڕگەی دووەمی مادەی 37 لە یاساکە لادەبرێت و ئەمە شوێنی دەگرێتەوە: دووەم: "ئەو لایەن و تاکەکەسانەی کە حیزبە سیاسییەکان رێگە لە کردنەوەی بارەگاکانیان دەگرن و ناهێڵن چالاکییەکانی هەڵبژاردنیان بکەن."  بڕگەی دووەم لە مادەی 37ـی یاسای ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی هەموارکراو شوێنی دەگرێتەوە کە دەڵێت "سوودێکی بەخشی یان خستییەڕوو یان بەڵێنی دا بەوەی بیدات بە دەنگدەر یان کەسێکی بۆ ئەوەی ناچاری بکات بە دەنگدان بۆ لایەنێکی دیاریکراو یان دەنگی پێنەدات."
 
 حەوتەم:
 
یەکەم: نادەستووریبوونی مادەی 21ـی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2023 کە دەڵێت: "لەسەر ئەنجوومەنی فیدراڵی خزمەت پێویستە ئەو کەسانە دابمەزرێنێت کە حوکمەکانی مادەی یەکەمی یاسای ژمارە 27ـی ساڵی 2019 دەیانگرێتەوە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و قەزا و ناحیەکانیان، ئەوانەی بەردەوامن لە خزمەتکردن تاوەکو 26-11-2019 و دابەشکردنیان لەسەر وەزارەت و لایەنە ناپەیوەستەکان بە وەزارەتەکانەوە بەپێی پسپۆڕی و شوێنی جوگرافی و خزمەتەکانی پێشوویان بەمەبەستی هەژمارکردنی پلەبەرزکردنەوە و سەرەمووچە و خانەنشینیان."
 
دووەم: لەسەر پارێزگا ناڕێکخراوەکانە لە هەرێمێکدا پاڵپشتیی بەردەوامبوونیان لە خزمەتکردن و بڕوانامەی دوایین مووچە تاوەکو 26-11-2019ـی ئەوانەی بڕگەکانی یەکەمی ئەم مادە دەیناگرێتەوە بدەنە ئەنجوومەنی فیدراڵیی خزمەت.
 
هەشتەم: رەتکردنەوەی سکاڵای سکاڵاکاران لەبارەی مادەکانی دیکەی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2023، جگە لەوانەی لەسەرەوە ئاماژەیان بۆ کراوە و بە نادەستووری هەژمارکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە