کۆمیسیۆن داوا لە 184 بەربژێری ئەمنی و سەربازی دەکات دەستلەکاربکێشنەوە

27-08-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 184 بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمان کە سەر بە هێزە ئەمنییەکانن، ئاگادار دەکاتەوە، تاوەکو پێنج رۆژی دیکە بەڵگەنامەى دەستلەکارکێشانەوەیان لە پۆست و پلەکانیان رادەست بکەن. بە گوتەی ئەندامێکی تیمی رۆژنامەڤانی کۆمیسیۆن، ئەگەر ئەوە نەسەلمێنن لە بەربژێری دووردەخرێنەوە.
 
ئەو داواکارییە بە دوو بڕیاری جیاى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بووە، کە لە 26ـی ئابی 2025 پەسندی کردوون و ئاراستەی ئەو بەربژێرانەی کردووە.
 
یەکێک لە لیستەکان ناوی 168 بەربژێری تێدایە کە کارمەندی سەربازین، نووسراوەکەی دیکەش ناوی 16 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان و قوتابی کۆلێژە سەربازییەکانی تێدایە.
 
بەگوێرەی نووسراوەکان، داوا لەو بەربژێرانە کراوە تاوەکو یەکی ئەیلوول بەڵگە پێشکەش بە کۆمیسیۆن بکەن، کە بیسەلمێنێت دەستبەرداری وەزیفەکانیان بوون.
 
حەسەن هادی زاهیر، ئەندامی تیمی رۆژنامەڤانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەبێت ئەو بەربژێرانە دەستلەکاربکێشنەوە، کە بەگوێرەی یاسا ئەگەر بەردەوام بن لە کارەکانیان ناتوانن بەربژێر بن. ئەگەر تاوەکو یەکی ئەیلوول دەستیان لە کارنەکێشابێتەوە، لە بەربژێربوون دوور دەخرێنەوە."
 
بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، نابێت بەربژێر ئەندامی هێزە چەکدارەکان و دامەزراوە ئەمنییەکان بێت، بەڵام ئەو مەرجە کارمەندانی مەدەنیی ئەو دامەزراوانە ناگرێتەوە.
 
نزیکەی 8000 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەربژێر کردبوو، بەڵام زیاتر لە 600 بەربژێریان گۆڕدراون یان بە هۆکاری جیا جیا دوورخراونەتەوە.
 
ئەو هەڵبژاردنە لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت. هەر پارێزگایەکی عێراق و هەرێمی کوردستان بازنەیەکی هەڵبژاردنە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە