رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی دا لەسەر خەرجکردنی مووچەی ئەو کارمەندانەی تەندروستیی نەینەوا دا کە لە سەردەمی کۆنترۆڵکردنی پارێزگاکە لەلایەن داعشەوە مووچەیان پێنەدراوە.
ئەحمەد دووبەردانی، جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی ئابی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەکاتی هاتنی داعش لە 2014دا، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی نەینەوا 24 هەزار کارمەندی هەبوو. لەو ژمارەیە، 17 هەزار کارمەند لە پارێزگاکە مانەوە و 7 هەزاری دیکەیان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون."
بە گوتەی دووبەردانی، ئەو کارمەندانەی ئاوارە ببوون، بەبێ کێشە مووچەیان وەردەگرت، بەڵام ئەوانەی لە نەینەوا مابوونەوە، بۆ ماوەی نزیکەی سێ ساڵ مووچەیان راگیرابوو.
جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی نەینەوا روونیکردەوە، دوای کۆنترۆڵکردنەوەی نەینەوا لەدەست چەکدارانی داعش، مووچەی ئەو سێ ساڵە بۆ نزیکەی 90٪ی کارمەندان خەرجکرا، بەڵام 10٪یان بەهۆی وردبینیی ئەمنییەوە تاوەکو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە.
ئەحمەد دووبەردانی، کە لە کاتی کۆنترۆڵکردنی نەینەوا لەلایەن داعشەوە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگاکە بوو، گوتی، "پێشتر خۆم نووسراوم ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و روونکردنەوەی پێویستم پێدا، ئەویش رەزامەندیی نیشان دا. بەڵام تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، داواکارییەکەی رەتکردەوە بە بیانووی ئەوەی کە پێشتر ئەو پارەیە خەرجکراوە، لە کاتێکدا ئەو 10٪ی کارمەندانە مووچەی ئەو سێ ساڵەیان وەرنەگرتووە."
ئەحمەد دووبەردانی ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا جارێکی دیکە ئەو بابەتە لە سەرووبەندی هەڵبژاردن ورژێنراوەتەوە و داوایەک ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە و ئەویش رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی داوە، خوازیارن ئەمجارە وەزیری دارایی عێراق رەزامەندبێت لەسەری نەک وەک رابردوو رەتی بکاتەوەو بڵێت خەرجکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ