وەزیری ناوخۆی عێراق: هۆڵە سووتاوەکەی حەمدانیە مەرجی سەلامەتیی تێدا نەبووە

28-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی سووتانی هۆڵی بۆنەکانی قەزای حەمدانیە لە ماوەی 72 کاژێردا بڵاودەکرێنەوە. راشیگەیاند، لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن هۆڵەکە مەرجی سەلامەتی و ئاسایشی تێدا نەبووە.
 
رۆژی چوارشەممە 27-09-2023 عەبدولئەمیر شممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، "لە ماوەی 72 کاژێردا ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی قەزای حەمدانیە ئاشکرا دەکرێن، دواتر ئەنجامەکان دەخرێنە بەردەم سەرۆکوەزیران بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی کەمتەرخەمن."
 
وەزیری ناوخۆی عێراق گوتیشی، "لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و دەریدەخەن هیچ مەرجێکی سەلامەتی لەو هۆڵەدا نەبووە کە نزیکەی 900 کەسی تێدا بووە."
 
عەبدولئەمیر شممەری ئەوەی ئاشکرا کرد، دەزگا ئەمنییەکان 14 کەسیان دەستگیر کردووە، لەنێویاندا 10 کرێکار، خاوەنی هۆڵەکە و سێ کەسی دیکە کە بە گڕدانی یارییە ئاگرینەکان لە کاتی رووداوەکە تۆمەتبارن، "کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 94 کەس و زیاتر لە 100 بریندار."
 
شەوی سێشەممە 26ی ئەیلوولی 2023 لە هۆڵی هەیسەم لە قەزای حەمدانیەی سەر بە پاریزگای نەینەوا، کە ئاهەنگێکی بووکگواستنەوەی تێدا هەبووە، ئاگرێک کەوتەوە و هۆڵەکە کە نزیکەی 700 بۆ 800 کەسی تێدا بووە سووتا و بەهۆیەوە، نزیکەی 300 کەس گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.
 
دوای رووداوەکەی قەزای حەمدانیە، سەرۆکوەزیرانی عێراق سێ رۆژ ماتەمینیی راگەیاند و لیژنەیەکیشی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنا. پارێزگای نەینەوا یەک هەفتە ماتەمینیی راگەیاند و لە هەرێمی کوردستانیش سێ رۆژ ماتەمینی راگەیێندرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.