رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای حەمدانیەی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، خاوەنی ئەو هۆڵەی شەوی سێشەممە ئاگری گرت و بەهۆیەوە زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا، پێشتر لە نەبوونی مەرجی سەلامەتی لە هۆڵەکە ئاگادارکراوەتەوە. دەشڵێت: "بە نووسراوی فەرمی بەکارهێنانی یاریی ئاگرینمان قەدەخە کردووە."
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2023، عیسام بەهنام، قایمقامی قەزای حەمدانییەی سەر بە پارێزگای نەینەوا میوانی بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو بوو، رایگەیاند: "رووداوەکە کاژێر 10:30 خولەکی شەوی سێشەممە روویدا، ئاهەنگی بووکگواستنەوە لە یەکێک لە هۆڵەکانی بۆنەکان لە سەنتەری قەزای حەمدانیە هەبووە، بەپێی وێنە و ڤیدیۆکان، ئەوانەی لە هۆڵەکەدا بوون ژمارەیان لەنێوان 700 بۆ 800 کەس بووە، لە کاتی ئاهەنگەکەدا یاریی ئاگرین بەکارهێنراوە، لەنێو ئەو هۆڵە داخراوە ئاگر بەرزبووەتەوە و دواتر پریشکی ئاگرەکە بووەتە هۆی سووتانی ئەو هۆڵە لە ماوەی چەند خولەکێکی دیاریکراو."
سەبارەت بە هۆڵەکەش، عیسام بەهنام گوتی: "ئەو هۆڵە لە ساڵی 2012 بەپێی مۆڵەتێک لەلایەن کەسێکەوە دروستکراوە، بەڵام لە ساڵانی رابردوو کەرەستەی ئەلیکۆبۆن لە دروستکردنی باڵەخانەدا قەدەخەکرا و ئەو کەسەی خاوەنی هۆڵەکەیە ئاگادارکرایەوە کە لای ببات لەپێناو پاراستنی باڵەخانەکە لە سووتان کە رەنگە رووبدات، بەداخەوە هەر ئەوەش روویدا."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دامەزراوەکانی بەرگریی شارستانی و بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاریی نەینەوا بەدواداچوون بۆ رێکارەکانی دروستکردنی ئەو جۆرە هۆڵانە دەکرێت.
سەبارەت بە مۆڵەتی دروستکردنی ئەو هۆڵە، قایمقامی حەمدانیە گوتی: "کاتی خۆی لە ساڵی 2012 ئەو رێکارانەی تایبەت بوون بە دروستکردنی هۆڵ و باڵەخانە جیاوازبوون، بنمیچی ئەو هۆڵە پێش چەندین ساڵ لەلایەن کۆمپانیایەکی تورکییەوە دروستکراوە دوای ئەوەی خەڵک لە ئاوارەیی گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان خۆیان."
قایمقامی حەمدانیە، هەر لەبارەی مەرجی سەلامەتی لە هۆڵەکەدا گوتی: "من لە ساڵی 2018 بوومەتە قایمقام، بەڵام خەسڵەتەکانی هۆڵەکان و وردەکارییەکانی لەلایەن بەرگریی شارستانییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، پێموابێت یەک دوو هۆشدارینامە و ئاگادارکردنەوە بە خاوەنی هۆڵەکە درابوو و داخستنیشی ئەگەر بڕیاری لەسەر بدرێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزارەوە دەکرێت."
تایبەت بە یارییە ئاگرینەکان کە هۆکاری سەرەکیی رووداوەکەی قەزای حەمدانییە بوون، قایمقامی حەمدانیە گوتی: "بەدڵنیاییەوە ئێمە رێگەنادەین، پێش مانگێک بابەتی یاریی ئاگرینەکان لە دەرەوەی هۆڵەکانیش بە نووسراوی فەرمی قەدەخە کراوە، بەڵام بەکارهێنانی ئەو یارییە ئاگرینانە لە ئاهەنگەکاندا رەفتارێکی کەسییە و ناتوانین لە کاتی بۆنەکاندا راستەخۆ دەستوەردان بکەین."
دوای رووداوەکەی قەزای حەمدانیە، سەرۆکوەزیرانی عێراق سێ رۆژ ماتەمینی راگەیاند و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دروستکرا و بڕیارە لە ماوەی 72 کاژێردا ئەنجامەکەی رابگەیێنێت. پارێزگای نەینەوا یەک هەفتە ماتەمینی راگەیاند و لە هەرێمی کوردستانیش ماتەمینی بۆ ماوەی سێ رۆژ راگەیێندرا.
لەبارەی هۆکارەکانی زۆریی قوربانییانی رووداوەکە، عیسام بەهنام گوتی: "هۆکارەکان ئەوەیە ئاگرەکە کەوتووەتەوە، دواتر کارەبا بڕاوە، دواتر بەهۆی تاریکییەوە خەڵکی پاڵیان بەیەکترەوە ناوە، دووکەڵی زۆر لە هۆڵەکەدا بڵاوبووەتەوە، جگە لەوانەش مادە پلاستیکییەکان ئەوانەی لە هۆڵەکەدا هەبوون وایکردووە قوربانییان زۆر بن."
قایمقامی قەزای حەمدانیە باسی لەوەش کرد کە هۆڵەکە دەرگەیەکی سەرەکی و دوو دەرگای لاوەکیی فریاگوزاری هەبووە، بەڵام بەهۆی تاریکیی شوێنەکە خەڵک نەیانتوانیوە خۆیان رزگاربکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ