وەزارەتی دەرەوەی عێراق: تێبینیمان لەسەر هەندێک وشەی نێو بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەبوو

28-10-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، تێبینی سەبارەت بە هەندێک وشەی نێو بڕیارەکەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەبووە کە تایبەت بوو بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە، بەڵام دەنگیان پێداوە. 
 
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رۆژی شەممە، 28-10-2023، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "عێراق هەڵوێستی خۆی دووپاتکردەوە کە لەگەڵ بڕیاری راگرتنی جەنگی دژی غەززە بوو کە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسند کرا".
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، "عێراق تێبینی لەبارەی هەندێک وشەی نێو بڕیارەکە هەبوو کە پێچەوانەی یاسا نیشتمانییەکانیەتی، لەوانە بژارەی هەردوو دەوڵەت و یەکسانیی نێوان سڤیلەکان لە فەلەستین و دووژمنەکەیان".
 
شەوی رابردوو، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەبڕیارێکی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە پەسندکرد. ژمارەی دەنگی بەڵێ 120 دەنگ؛ نەخێر 14 و دەنگنەدان 45 بوو کە ناوی عێراق لەنێو ئەو 45 وڵاتەدا بوو. 
 
دوای بڵاوبوونەوەی ناوی وڵاتەکان، نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتارێکی پێشکێشکرد و لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان داوا دەکەن دەنگەکەیان بگۆڕدرێت بۆ بەڵێ و گوتی، "عێراق داوا دەکات دەنگدانەکەی بگۆڕدرێت بۆ پاڵپشتیکردن لە بڕیارەکە" و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی روویداوە "بەهۆی بوونی هەڵەیەک لە سیستمی دەنگدانەکەدا بووە لەو کاتەدا؛ هەروەها نوێنەرایەتیی وڵاتەکەم تێبینیی هەیە لەسەر هەندێک وشە و داواکاری کە لە پڕۆژەبڕیارەکەدا هاتووە، چونکە ناکۆکە لەگەڵ هەندێک لە یاساکانی وڵاتەکەمان."
 
بڕیاری کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی یاسا پابەندی نییە. ئیسرائیل دوای بڕیارەکە گوتی، بە تووندی ئەو بڕیارە رەتدەکەنەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە