رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی بڕیارێکی دادگەی تاوانەکانی نەجەف سەبارەت بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر گەنجێکی سووریاییدا، ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە "نادروستن."
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "هەندێک تۆڕی کۆمەڵایەتی، وێنەی بڕیارێکی دادگای تاوانەکانی نەجەفیان بڵاوکردەوە کە تێیدا وا دەردەکەوێ سزای لەسێدارەدان بەسەر تاوانبارێکدا سەپێندراوە کە وڵاتینامەی سووریای هەیە، بە پاساوی ئەوەی بە تۆمەتی (بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بۆ ستایشکردنی سەرۆکی ئێستای سووریا و بابەتی تایبەت بە سوپای ئازاد لە مۆبایلەکەیدا) دەستگیرکراوە."
"ستایشی بەغدادیی کردووە نەوەک ئەسەد"
ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند: "ئەو زانیارییە نادروستە، چونکە ئەو سزایەی بەسەر تۆمەتبارەکەدا سەپێندراوە، لەسەر تاوانی دانپێدانانە بە ستایشکردنی" ئەبوبەکر بەغدادی و "ستایشکردن و هاندانی کوشتنی ئەندامانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە ناوچەی تارمیەی بەغدا، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی پەیوەندیدار لە رێگەی لاپەڕەی تایبەتیی خۆیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان."
روونکردنەوەکە دەڵێ، محەممەد حەسەن، گەنجە سووریاییەکە "داوای لە چەند کەسێک کردبوو پەیوەندی بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە بکەن، جگە لەوەی ڤیدیۆی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا وێنەی ئیمام عەلی دەسووتێنێت، بە مەبەستی دروستکردنی ئاژاوە و فیتنە لەنێو کۆمەڵگەدا."
بڕیارەکە کۆتایی نییە
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق باس لەوە دەکات کە "ئەم بڕیارە کۆتایی نییە و لەلایەن دادگەی تێهەڵچوونەوەی فیدراڵییەوە وردبینی بۆ دەکرێت."
مادەی 5/372ـی یاسای سزادانی عێراقی دەڵێت: "هەرکەسێک بە ئاشکرا سووکایەتی بە هێما یان کەسایەتییەک بکات کە جێگەی پیرۆزی یان ستایش یان رێزی لایەنێکی ئایینی بێ، سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەیەک دەدرێ کە لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت یان سزای دارایی."
دەستووری عێراقیش لە (مادەی 10)دا جەخت لەسەر رێزگرتن لە بیروباوەڕ و پیرۆزی و هێما ئایینییەکانی هەموو لایەنەکان دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ