رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵا لەبارەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن سێ فەرمانبەری حکومەت لە دژی حکومەتی عێراق و کوردستان تۆمارکراوە و داوا دەکرێت مووچەی فەرمانبەران هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی عێراق بدرێت.
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە دادگەکە ئەمڕۆ (سێشەممە، 28-11-2023) بۆ تاتوێکردنی دوو سکاڵای پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
سکاڵای یەکەمیان لەلایەن عەدالەت رەحیم محەممەد، بوخاری جەمیل و حەیدەر محەممەد عوسمانەوە لە دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.
سکاڵاکە ژمارە 224ـی فیدراڵیی 2023ـی هەیە. سکاڵاکاران داوایان لە دادگەکە کردووە بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ ناردنی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی تەممووز و ئابی ساڵی 2023 و ئەو کێشەیەی کەوتووەتە نێوان هەردوو سکاڵالێکراو یەکلایی بکاتەوە، کە بووەتە هۆی جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەی گشتی ژمارە 13ـی ساڵی 2023، هەروەها پابەندیان بکات بە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی سەرجەم فەرمانبەرانی دیکەی حکومەتی عێراق.
رۆژی سێشەممە، 28-11-2023، بەکر حەمەسدیق، پارێزەری کەیسەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو سکاڵایەی ئێمە دانیشتنی دووەمی دادگەی لەبارەوە دەکرێت، پێشتر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی دانیشتنەکە نەبووە، ئەگەر ئامادەبووایە هەنگاوی باشتر دەچووە پێشەوە، لە دانیشتنی رابردوودا کە 29-10-2023 بەڕێوەچوو، دادگەی فیدراڵی داوای ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی دارایی عێراقی کرد، بەو پێیە ئەوان لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان لەلایە و ئەو وەزارەتە بەرپرسی یەکەمە لە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق، بۆیە چاوەڕێ دەکەین لە دانیشتنی ئەمڕۆدا هەنگاوی دیکە بۆ یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکە بنرێت."
دوای ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەبارەی شایستە داراییەکانی کوردستانەوە کێشە کەوتووەتە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەهۆی ئەو ناکۆکییە و راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ زیاتر لە 200 رۆژ، مووچەی مانگی تەمموزی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوای زیاتر لە 80 رۆژ دابەشکرا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندییش، بەردەوامن لە تۆمەتبارکردنی یەکدی لەوەی هۆکاری جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەن و پابەندییەکانیان بەرامبەر بەوی دیکە جێبەجێ ناکەن.
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق، پشکى هەرێمى کوردستان زیاتر لە 16.6 تریلیۆن دینارە لە کۆى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارى بودجەى عێراق.
هەر بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکان، بڕیارە دادگەی فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ تاوتوێی سکاڵایەک بکات، کە لەلایەن مەحموود حوسێن رەزا عگێلی، ئەمینداری گشتیی پارتی ئوممەی عێراقیەوە لە دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکراوە.
سکاڵاکە ژمارەی 227ـی فیدراڵیی 2023ـی هەیە، لە رۆژی 29-10-2023ـوە بۆ ئەمڕۆ دواخراوە، لە سکاڵاکەدا سکاڵاکار داوایکردووە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق حکومەتی عێراق پابەند بکات بە خەرجکردنی شایستە داراییە دواکەوتووەکانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 هاتووە و پێدانی مووچەکان لە وادەی خۆیاندا هاوشێوەی فەرمانبەرانی فەرمانگە و دامەزراوەکانی فەرمی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
مەحموود عگێلی، ئەمینداری گشتیی پارتی ئوممەی عێراقی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئێمە، لە سەرکردایەتی حیزبی ئوممەی عێراقی نوێنەرایەتیی هەموو عێراقییەکان بەبێ جیاوازی دەکەین، ئەو سکاڵایەشمان بۆیە تۆمارکردووە، هەستدەکەین پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوەتە بابەتێکی سیاسی، ناکرێت مووچەی فەرمانبەران تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان بکرێت و ببێتە جەمسەرێک بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان." گوتیشی "ئەگەری هەیە ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵی بڕياری کۆتایی لەبارەی سکاڵاکەوە دەربکات."
پارتی ئوممەی عێراقی پارتێکی لیبراڵە و لە ساڵی 2004 لەلایەن میسال ئالووسی، سیاسەتمەداری عێراقییەوە دامەزراوە، کاردەکات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک لەسەر بنچینەی هاووڵاتیبوون کە بنچینەکەی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان بێت و، خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییانی بەدیبهێنێت وەکو لە کارنامەکەیدا هاتووە.
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق کە لە 26ـى حوزەیران کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵى بکات، کە بۆ هەناردەکردن بۆ دەرەوە یان بۆ نێوخۆ بەکاریدەهێنێت، ئەوەش وەکو یەکێک لە مەرجەکانى ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ