لایەنێکی سوننە داوا دەکات رێگە بە حیزبەکەی حەلبووسی نەدرێت بەشداری هەڵبژاردن بکات

28-11-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پارتی حەل کە پارتێکی سوننەیە، داوا لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات، پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی لە فەرمانگەی پارتەکان بسڕێتەوە و رێگەی نەدات بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکات.
 
کۆمیسیۆنیش دەڵێت، حەلبووسی لە سەرۆکایەتی تەقەدووم بەردەوامە.
 
پارتی حەل بە سەرۆکایەتی جەمال کەربوولی، رۆژی 23-11-2023، سکاڵایەکی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە،  تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی مادەی (9/3) لە یاسای پارتەکان بە ژمارە (36) لە 2015دا، مەرجی دامەزرێنەری پارت ئەوەیە کە لە دادگە سزای بەسەردا نەسەپێنرابێت بە تاوانی کوشتنی ئەنقەست، یان تاوانی شەرەف.
 
پارتی حەل پێی وایە، تاوانی "شەرەف" بەسەر سەرۆکی هاوپەیمانی و  پارتی تەقەدووم جێبەجێ دەبێت و ئەندامێتیی لە هاوپەیمانی و پارتەکەی کۆتایی پێدەهێنێت و لە سەرۆکایەتییەکەی دووری دەخاتەوە. بۆیە پارتی حەل داوا دەکات، ناوی پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی حەلبووسی لە فەرمانگەی پارتەکان بسڕێتەوە و رێگە نەدات بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکات.
 
بەهۆی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە دژی حەلبووسی، پارتی حەل داوا دەکات رێگە نەدرێت حەلبووسی سەرۆکایەتی پارت، یان هاوپەیمانیی بکات. نە لە ئێستا و نە لە داهاتوودا، رێگە نەدرێت سەرۆک، یان ئەندامی هیچ پارتێکی سیاسی بێت، هاوپەیمانی تەقەدووم پابەند بکرێت وێنەکانی حەلبووسی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لاببات. 
 
هەر لە درێژەی نووسراوەکەدا، حەل داوادەکات دروشمی هاوپەیمانییەکەش کە "ئێمە ئومەتین" هەڵبووەشێتەوە و لە بانگەشەکانی هەڵبژاردن لاببرێت، بەو پێیەی دروشم و هێمای دامەزراوەی نیشتمانییە و یاسای کۆمیسیۆن رێگەی پێنادات.
 
لە کۆتاییدا حەل ئاماژەی بەوەکردووە، پێشتر لە فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان سکاڵا تۆمارکراوە لەسەر ئەوەی محەممەد رێکان حەلبووسی مامەڵەی لەگەڵ کۆمپانیای BGRی ئەمریکی کردووە کە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ قەوارەی زایۆنی هەیە، بەڵام ئێستا نزیکەی مانگێکە فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان وەڵامی نەداوەتەوە.
 
لەوبارەوە، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی سێشەممە 28-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "محەممەد حەلبووسی وەک سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدووم کارەکانی خۆی دەکات و هاوپەیمانییەکە بەردەوامە".
 
رۆژی سێشەممە، 15-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، "ئەمە بڕیاری کۆتاییە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن".
 
رۆژی یەکشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2023، دادگەی باڵای فیدراڵی دەقی بڕیاری لێسەندنەوەی ئەندامێتیی لە حەلبووسی کە لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراقی بوو، بڵاوکردەوە.
 
دادگەی باڵای فیدراڵی باسی ئەوە دەکات کە محەممەد حەلبووسی لەژێر گوشاردا کاخەزی سپیی بە پەرلەمانتارانی حیزبەکەی پڕکردووەتەوە کە بریتییە لە نامەی دەستلەکارکێشانەوە و هەر کاتێک بیەوێت پێشکێشی دەکات. دەشڵێت، پەرلەمانتار باسم خەشان، حەلبووسی تۆمەتبارکردووە بەوەی لەگەڵ کۆمپانیایەکی لۆبیی ئیسرائیلی گرێبەستی کردووە و ئەوەشی بە "پێشێلکردنی سەروەریی عێراق" وەسفکردووە و دەڵێت، "داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی حەلبووسی کردووە، ئەوەش وەکو دادگە ئاماژەی بۆ کردووە دەکرێت سکاڵایەکی سەربەخۆ بێت".
 
دادگەکە روونیکردووەتەوە، "رۆژی 15-1-2023، لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی پەرلەمان رایگەیاند، محەممەد حەلبووسی فەرمانی دیوانیی دەرکرد کە تایبەت بوو بە دەستلەکارکێشانەوەی لە ئەندامێتیی پەرلەمان، بەڵام ئەو دەستلەکارکێشانەوەیە لەژێر گوشاردا و لە کۆتایی خولی چوارەمی پەرلەمان لێی وەرگیراوە نەوەک خولی پێنجەم، وەکو چۆن لە ئەندامانی دیکەش وەگیراوە و کاخەزی سپییان بەناوی دەستلەکارکێشانەوە پێ واژۆ کراوە و هەر کاتێک هەر ئەندامێک بیانەوێت دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکێشدەکەن و لە پەرلەمان دەریدەکەن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.