عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا لە بەغدا لەگەڵ پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا.
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئیسپانییەکەی رایگەیاند، هێرشەکانی سەر نێردە دیپلۆماسییەکان "دوژمنکارانەن"؛ بەڵام نابێت کاری هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئاستی ئەنجامدانی کردەوەی سەربازیی تێپەڕێنێت، "چونکە ئەمە دەستبردنە بۆ سەروەریی عێراق". سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا دەڵێت، پابەندین بە ئاسایش و سەقگیریی عێراق و کۆمپانیا ئیسپانییەکان ئامادەن لە عێراق وەبەرهێنان بکەن.
رۆژی پێنجشەممە ( 28-12-2023)، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسانیا کۆبووەوە، دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا باسیان لە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کرد.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "گفتوگۆیەکی گرنگمان کرد لە کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و کۆبوونەوەی نێوان هەردوو شاند، باسمان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیسپانیا کرد. هاوبەشی و دەرفەتی زۆر هەیە بۆ پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییە لە چەندین بواردا. رێککەوتین لەسەر دانانی خشتەی کار بۆ دانانی رێگایەک، بە مەبەستی گەیشتن بە چوارچێوەیەک بۆ هاوبەشی ستراتیژی لەنێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، ئاسایش و رۆشنبیری".
محەممەد شیاع سوودانی هەروەها گوتی، "ساڵانە پێکەوە گفتوگۆ و راوێژ دەکەین و سەردانی دوولایەنە زیاد دەکەین، لەگەڵ بەستنی خولی سێزدەمینی کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەش لە بەغدا لە نێوەڕاستی ساڵی 2024دا. داوامان لە ئیسپانیا کرد بەشداری کۆنگرەی بەغدا بکات، داوامان لە هەموو وەزیر و کەرتەکان کرد بەڕووی هاوتا ئیسپانییەکان بکرێنەوە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، ئەمڕۆ لەگەڵ نوێنەرانی ئەو کۆمپانیا ئیسپانیانە کۆدەبنەوە کە لە نێو شاندەکەدان بە وردەکاری زیاترەوە لەبارەی ژینگە و وەبەرهێنان لە عێراق قسە دەکەن.
لەبارەی هێرش و پەلامارەکانی ئەم دواییانەی هێزەکانی ئەمریکا و گرووپە چەکدارەکان، محەممەد شیاع سوودانی گوتی، "بەم دواییانە هێرشکراوەتە سەر بنکەی سەربازی عێراقی و نێردە دیپلۆماسییەکان، هەڵوێستی فەرمی و روونی حکومەتمان دووپاتکردەوە لەگەڵ هەڵوێستی سیاسی کە ئەمە پەلامارانەکان رەتدەکاتەوە، پێمانوایە ئەم هێرشیانە دوژمنکارانەن زیان لە بەرژوەندیی نیشتمانیی عێراق دەدات، کاریگەری سەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەبێت؛ بەڵام لەلایەکی دیکەوە دووپاتمانکردەوە لەسەر گرنگی پابەندبوون بەو دەسەڵاتە یاساییەی کە لەلایەن حکومەتەکانی رابردوو دراون لەبارەی ئەم بوونە [بوونی هێزە بیانییەکان] کە پێویستە لە چوارچێوەی پشتیوانی هێزەکانی ئەمنی بێت لە بواری مەشق و راهێنان و راوێژکردن؛ نابێت بۆ ئاستی ئەنجامدانی کردەوەی سەربازیی تێپەڕبکات، چونکە ئەمە دەستبردنە بۆ سەروەریی عێراق، کارێکە رەتدەکرێتەوە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "ئێمە لە سەرووبەندی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانمانین لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هێزەکانی عێراق توانایان هەیە، حکومەتی عێراقیش بەردەوامە بە ئاراستەی کۆتاییهێنانی بوونی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە راوێژکارانی ئەمنی لەخۆگرتووە بۆ پشتیوانی هێزە ئەمنییەکان لە بواری مەشق و راهێنان، راوێژ و هاوکاری سەربازی".
هاوکات سوودانی ستایشی ئیسپانیای کرد وەک بەشێک لە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پشتیوانی هەوڵەکانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی داعش.
درەنگی شەوی رابردوو، 27-12-2023، پیدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسانیا بە سەردانێک گەیشتە عێراق.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسانیا، عێراقی بە لانکەی شارستانی ناوبرد و رایگەیاند، سەردانەکەی لەسەر بانگهێشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە، کۆبوونەوەیەکی "بنیادنەر و بەرهەمداریان" کردووە، لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراقیش کۆدەبێتەوە و سەربازانی ئیسپانیاش بەسەر دەکاتەوە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسانیا گوتی، "پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسپانیا بە قۆناخێکی باش تێدەپەڕێت، ئەو پەیوەندییانە بەردەوام و بەهێزتر دەبن. پابەندن بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق لە رێگەی سەربازانی وڵاتەکەمان، هەروەک دەزانن لە ئایاری رابردووەوە ژەنەڕاڵێکی ئیسپانی سەرۆکایەتی نێردەی ناتۆ دەکات لە عێراق، پابەندبوونی ئیسپانیا لە بەرامبەر عێراق بەردەوام دەبێت".
پیدرۆ سانچێز، ئاماژەی بەوەکرد، رێککەوتن لە بەغدا لە 2024 کۆبوونەوەیەکی گرنگی لیژنەی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بکەن، ئەوەش وێستگەیەکی گرنگە بۆ بەرەپێشوەبردنی پەیوەندییەکان.
سانچێز بە سەرۆکوەزیرانی عێراقیشی راگەیاند، کە ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا ئیسپانییەکان ئامادەن لە عێراق کاربکەن، نوێنەرانی گەورە کۆمپانیاکانی ئیسپانیا یاوەری شاندەکەن، کە ئەوەش سوودی بۆ هەردوو وڵات دەبێت.
ئەم سەردانەی پیدرۆ سانچێز لە چوارچێوەی نەریتێکی ساڵانەی سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیادا دێت، بە بۆنەی سەری ساڵەوە، ئەو هێزە ئیسپانییانە بەسەردەکاتەوە کە لە دەرەوەی وڵات جێگیرکراون. پار، سانچێز سەردانی لوبنانی کرد و ئەم ساڵ عێراقی هەڵبژاردووە.
سەردانەکەی بۆ عێراق لە کاتێکدایە لە 24ـی ئایاری ئەم ساڵەوە ئیسپانیا بە فەرماندەیی ژەنەراڵ خۆزێ ئەنتۆنیۆ ئەگوێرۆ مارتینێز، سەرۆکایەتیی هێزی ناتۆی لە عێراق گرتووەتە دەست.
حوزەیرانی ئەم ساڵ، وەزارەتی بەرگریی ئیسپانیا رایگەیاند، 370 سەربازی ئیسپانی لە چوارچێوەی ئەرکەکانی ناتۆ و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە عێراق جێگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ