عێراق
ژمارەیەک ژن لە قوتابخانەکانی تایبەت بە نەهێشتنی نەخوێندەواری. وێنەکە ساڵی 2008ـە و لەلایەن ALI YUSSEF/ AFP/Getty Images گیراوە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی جێبەجێکاری نەهێشتنی نەخوێندەواری لە عێراق دەڵێ، 830 ناوەندی نەهێشتنی نەخوێندەواری هەن کە زیاتر لە 41 هەزار کەس تێیاندا دەخوێنن.
هەیسەم مونزر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی جێبەجێکاری نەهێشتنی نەخوێندەواری عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژمارەی ناوەندەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە سەرجەم پارێزگاکان، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، گەیشتووەتە 830 سەنتەر و لەم ساڵی خوێندنەدا 41 هەزار و 965 فێرخوازیان لەخۆگرتووە."
بە گوتەی هەیسەم مونزر، رێژەی نەخوێندەواری لە عێراق بە 15.3% مەزەندە دەکرێ و دەستەکەی بەنیازە "ئەم رێژەیە بۆ ئاستێکی زۆر کەم دابەزێنێت."
مونزر ئاماژەی بەوەشکرد، دەستەی جێبەجێکاری نەهێشتنی نەخوێندەواری کار لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای نەهێشتنی نەخوێندەواری دەکات.
ئامانجی دەستەکە وەکو مونزر باسی دەکات، دانانی پلانێکی ستراتیژییە بۆ دیاریکردنی ماوەیەکی گونجاو بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری و دیاردەی وازهێنان لە خوێندن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ