رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە بەرپرسانی لایەنە سوننەکان رایگەیاند، ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننە لە گەڕی یەکەمی کۆبوونەوەکانیان بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان رێکنەکەوتوون و لە چەند کاژێری داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکەن.
28ـی کانوونی یەکەمی 2025، عەلی بەیدەر، یەکێک لە رێگەپێدراوانی هاوپەیمانیی عەزم بۆ لێدوانی رۆژنامەڤانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، گەڕی یەکەمی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننە لە بەغدا بەبێ هیچ رێککەوتنێک لەبارەی پرسی بەربژێری پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کۆتاییهات و ئێستا گفتوگۆى لاوەکى لە نێوانیاندا هەیە.
ئەم شەو، ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننە لە ماڵی خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری لە بەغدا کۆبووەوە. عەلی بەیدەر رایگەیاند، "بڕیارە لە چەند کاژێری داهاتوودا جارێکی دیکە سەرکردەی لایەنە سوننەکان لە هەمان شوێن گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە بکەن بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە."
کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننە بۆ دیاریکردنی ئەوەیە ئایا یەک یان دوو بەربژێریان هەبێت بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان، هەریەک لە پارتى تەقدووم، بە سەرۆکایەتیى محەممەد حەلبووسی و هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیى موسەننا سامەڕایی، ئەو پۆستە بە شیاوى خۆیان دەزانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ