رووداو دیجیتاڵ
سبەی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و سێ پڕۆژەیاسا پەسند دەکات، لێپرسینەوە لەگەڵ سەرۆکی تۆڕی راگەیاندنی عێراق دەکات و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیش بۆ حەوت پڕۆژەیاسا دەکات.
بڕیارە کاژێر 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، 30ی کانوونی دووەمی 2023، پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە. بەرنامەی کار 11 بڕگەی لەخۆگرتووە، تێیدا دەنگ لەسەر پەسندکردنی سێ پڕۆژەیاسا دەدرێت کە بریتین لە: پڕۆژەیاسای هاوکاریی یاسایی، پڕۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی نێوان عێراق و تونس لە بواری خزمەتگوزاریی ئاسمانی. پڕۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی گواستنەوەی نێوان عێراق و میسر.
یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە لێپرسینەوە لە سەرۆکی تۆڕی راگەیاندنی عێراق. بە گوتەی رائید مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی کە داوای لێپرسینەوەکەی کردووە، "نەبیل جاسم، سەرۆکی تۆڕی راگەیاندنی عێراقی شایستەی ئەو پۆستە نییە، چەندین سەرپێچیی دارایی و کارگێڕی کردووە، رای گشتی لەسەر هەندێک بابەت بەلاڕێدا بردووە، لەو چوارچێوەیەدا پرسیارەکانی ئاراستە دەکات، ئەگەریش ئامادەی دانیشتنی سبەی سێشەممە نەبێت، بەشێوەی نەهاتوو لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت."
هەروەها پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێنج پڕۆژەیاسا دەکات کە بریتین لە: پڕۆژەیاسای 21مین هەمواری یاسای مەلاک. پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بەرگریی شارستانی. پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی شوێنبزکردنی زۆرەملێ. پڕۆژەیاسای هەڵوەشانەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی ژمارە 20ی 2003. پڕۆژەیاسای هەڵوەشانەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوە ژمارە 175ی 1994.
ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى عێراقى دەسەڵاتى پێشوو هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام بڕیارەکانى هێزى یاساییان هەیە و کاریان پێدەکرێت. هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕیارانە دەبێت لە پەرلەمان بە دەنگدان یەکلابکرێنەوە.
رۆژی 29ى کانوونى دووەمى 2024، سەجاد سالم، ئەندامى لێژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، لیژنەیەک لەنێو لیژنەى یاسایی پێکهێندراوە بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارەکانى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشی دەسەڵاتى پێشووى عێراق. گوتیشی، "ئەو بڕیارانەى کە پێداچوونەوەیان تێدا دەکرێت نزیکەى شەش هەزارن، دواتر راپۆرتێک لەبارەیەوە دەدەینە پەرلەمان بۆ ئەوەى دەنگى لەسەر بدرێت".
هەر لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا، خوێندنەوەی دووەم بۆ دوو پڕۆژەیاسا دەکرێن، پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای مادەی هۆشبەر ژمارە 50ی 2017 و پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای دەستەی باڵای دەریاوانی عێراقی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ