رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات پابەند بن بە ماوە دەستوورییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و رێگە بە دەستوەردانى دەرەکی لەو پرسەدا نەدەن.
پێنجشەممە 29ی کانوونی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە سەرۆکایەتیی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنەکە، لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری جەختیان لە بایەخی پابەندبوون بە ماوە دەستوورییەکان کردووەتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و راسپاردنی سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت.
ئەندامانی ئەنجوومەنەکە داوایان لە سەرجەم پارتە سیاسییەکان کردووە پابەند بن بە وادە دەستوورییەکان و پێشێلی نەکەن، بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و بەڕێوەچوونی پرۆسەی دیموکراسی لە چوارچێوەی دەستوورییەکان.
ئەنجوومەنەکە داوای لەو پارتانە کردووە "رێگە لە دەستوەردانی دەرەکی بگرن".
ئەو داوایەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دوای ئەوە هات رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی گەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری دا و گوتی: "ئەگەر مالیکی هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ئەمریکا چی دیکە یارمەتیی عێراق نادات."
هەر ئەمڕۆ فایەق زێدان سەردانی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئەو هاوپەیمانییە، لەو کۆبوونەوەیەدا فایەق زێدان دەستوەردانی دەرەکی رەتکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ