رووداو دیجیتاڵ
ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق پڕۆژەیاسایەک دەکشێنێتەوە، کە پێشتر ئاراستەى پەرلەمانى کردبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەى دەستەى کێشە موڵکدارییەکان، بەشێک لە کارەکانى دەستەکە تایبەتن بە ناوچە کوردستانییەکان.
لێژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق لە 28ى نیسان بە فەرمى لەو بڕیارە ئاگادارکراوەتەوە و بەوەش پڕۆژەیاساکە لە دواى خوێندنەوەى یەکەم، کارکردن لەسەرى رادەگیرێت.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لێژنەى یاسایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "بەگوێرەى نووسراوەکەى حکومەت کشاندنەوەى پڕۆژەیاساکە بۆ ئەوەیە کە لێکۆڵینەوەى زیاترى لەبارەوە بکرێت".
دەستەکە لە ساڵى 2010 دامەزراوە و ئەرکەکەی لە 2014 کۆتایی دەهات. کارەکەی یەکلاکردنەوەى ئەو کێشە موڵکداریانەیە کە بەهۆى بڕیارەکانى دەسەڵاتى حیزبى بەعس دروستبوون لە رێگەى دەستگرتن بەسەر موڵکى هاووڵاتییاندا.
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، لایەنە کوردستانیەکان لە بەغدا پێشنیازیان کردووە دوو ساڵ تەمەنى ئەو دەستەیە درێژ بکرێتەوە، ساڵێک بۆ وەرگرتنى سکاڵاکان و ساڵێکیش بۆ یەکلاکردنەوەیان.
پڕۆژەیاساى هەڵوەشاندنەوەى دەستەکە لە ساڵى 2014ـەوە ئامادەکراوە، بەپێی ناوەڕۆکەکەی دەستەکە هەڵدەوەشێەوە و تەنیا رێکارە یاساییەکانى یەکلاکردنەوەى کێشە موڵکدارییەکان دەمێنێتەوە، ئەو دۆسیانەى پێشتر لە بەردەستى بوون، دەبرێنە بەردەم دادگەى دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ