رووداو دیجیتاڵ
لە پەرلەمانی عێراق، واژۆ دژی پرۆژەی 'هەژماری من' کۆدەکرێتەوە و داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکرێت رێکاری پێویست بگرێتەبەر. بەرپرسێکیش لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم هەفتەیە دادگەی باڵای فیدراڵی "راستکردنەوەیەک" لە بارەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەردەکات.
86 پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی عێراق واژۆیان لەسەر یاداشتێک کردووە و ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان کردووە.
ئەو پەرلەمانتارانە دەڵێن، "پرۆژەی هەژماری من رەتدەکەینەوە کە ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر دەکات". بە گوتەی خۆیان، "کۆمەڵێک بانکی (ئەهلی) تایبەتی سەر بە پارتی دەسەڵات بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانیان قۆرخکردووە."
رۆژی دووشەممە 29ی نیسانی 2024، سۆران عومەر کە هاوکات ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانییە لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "واژۆم لەسەر یاداشتەکە کردووە".
هەروەها دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو یەکێکە لەوانەی واژۆی کردووە بە رووداوی گوت، "داوامانکردووە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئازاد و سەرپشک بکرێن، لە کامە بانک هەژمار بانکی دەکەنەوە". گوتیشی، "نابێت مووچەخۆران ناچاربکرێن تەنیا لە بانکەکانی پرۆژەی هەژماری من هەژمار بکەنەوە".
رۆژی 21ی شوباتی 2024 دادگەی باڵای فیدراڵی، حکومەتی عێراقی پابەندکرد بە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها داوای کرد مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە بەجێ بکرێت.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق جەختی لەوەکردووەتەوە، بەجێکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بانکەکانی رەشید، رافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقەوە دەبێت.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بهڕێوهبهری نووسینگەی سهرۆكوهزیرانی ههرێمی كوردستان لە تویتێکدا نووسیویەتی، "دادگای فیدراڵی لە بەغدا لەم هەفتەیەدا راستکردنەوەیەک دەردەکات بۆ پشتڕاستکرنەوەی ئەوەی کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان هەمان مافیان هەیە وەک هەموو عێراقییەکان لە پرۆژەی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ بەبانکیکردنی مووچە".
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی حکومەت، "هەر بانکێک کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتی پێدرابێت و مەرجەکانی هەژماری منی تێدابێت، دەتوانێت هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست بکات".
تائێستا پێنج بانکی ئەهلی بەشداریان لە پرۆژەی هەژماری مندا کردووە، عەزیز ئەحمەد دەڵێت، "هەموو بانکە بەشدارەکانی پڕۆژەی هەژماری من لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتیان پێدراوە و بە تایبەتی پەسند کراون بۆ پرۆژەکە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ