رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، نوێنەری پارتی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر چەند خاڵێکی نێو مادەی 13 و 14 رێککەوتوون، لەوانە؛ لەمەودوا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ دەتوانێت هەژماری بانکیی داهات بەکاربهێنێت؛ هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوت سوود لە کێڵگەکانی نەینەوا و کەرکووک وەربگرێت؛ تەنیا 50%ـی داهاتی دەروازەکانیش لە هەولێرەوە دەگەڕێندرێتەوە بۆ بەغدا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، فوئاد حوسێن، وەکو نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان و هادی عامری وەکو نوێنەری چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە و جۆرێک لە لێکتێگەیشتن و رێککەوتنیان لەسەر گۆڕانکارییەکانی نێو مادەی 13 و 14ـی پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن لیژنەی دارایی عێراقەوە کردووە.
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەکرد، "زۆرینە"ی ئەو بڕگانەی مادەی 13 و 14 و وەکو پێشتریان لێکراوەتەوە کە حکومەت ناردوویەتی بۆ لیژنەی دارایی. گوتیشی، فوئاد حوسێن و هادی عامری لەسەر سێ خاڵی ناکۆک رێککەوتوون.
ئەو خاڵانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە ئەمانەن:
1- دەستکاریکردنی بڕگەی ئەو هەژمارە بانکییەی بڕیارە دروستبکرێت، کە وای لێکرابوو وەزیری دارایی عێراق یان سەرۆکوەزیرانی عێراق مۆڵەتی دەستکاریکردنی بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بدەن، ئێستا چاککراوەتەوە بۆ دەقەکەی پێشوو، کە راستەوخۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان یان کەسێك کە خۆی رایسپێرێت دەتوانێت هەژمارەکە بەکاربهێنێت.
2- ناردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان جێگیر دەکرێت بەشێوەیەک 400 هەزارەکە بە نەوتی کێڵگەکانی نەینەواو و کەرکووکیشەوە بێت، ئەمەش پێچەوانەی دەقە دەستکاریکراوەکەیە کە لیژنەی دارایی رایگەیاندبوو، نابێ حکومەتی هەرێمی کوردستان کێڵگە نەوتییەکانی سنووری پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا بەکاربهێنێت.
3- لە دەقە دەستکاریکراوەکەی لیژنەی داراییدا ئاماژە بەوەکرابوو، کە پێویستە سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدا بکرێن، ئەمەش گۆڕاوە بۆ ئەوەی، 50%ـی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بگەڕێندرێتەوە بۆ بەغدا هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەشکرد، کە گۆڕانکارییەکان لە هەموو بڕگەکاندا بە تەواویی ناکرێنەوە ئەو دەقەی پێشتر حکومەت ئاراستەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی کردووە، بەڵام بە شێوەیەک دەبێت ناڕەزاییەکان هێوربکاتەوە و هەرێمی کوردستانیش پێی رازی بێت.
کۆبوونەوەکانی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق راوەستاون، بڕیارە ئەمڕۆ هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە نوێنەرانی هەموو ئەو لایەنانەیە کە حکومەتیان پێکهێناوە بە کوردیشەوە کۆببنەوە و بابەتی پشکی هەرێمی کوردستان یەکلابکەنەوە و رێککەوتنێکی سیاسی بکەن.
گۆڕانکاری لە بڕگەکانی هەردوو مادەی 13 و 14ـی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا، ناڕەزایی زۆری لە هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە و هەریەکە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە پەیامی جیا ناڕەزایی هەرێمی کوردستانیان لە دەستکاریکردنی مادەکان گەیاندە بەغدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ