دادگەى عێراق بڕیاری دا رێوشوێن بۆ گەڕاندنەوە و دادگاییکردنى سەلوان مۆمیکا بگرێتەبەر

29-06-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق رێوشوێنى یاسایی لە دژى ئەو هاووڵاتییە عێراقییە دەگرێتەبەر کە لە سوێد قورئانى پیرۆزى سووتاند، ئەوەش بە مەبەستى گەڕاندنەوەى بۆ عێراق و دادگاییکردنى.
 
رۆژی 29ى حوزەیرانى 2023 ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە فەرمانى فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنەکە رێوشوێنى یاسایی لە دژى ئەو کەسە دەگیرێتەبەر، کە لە سوێد قورئانى پیرۆزى سووتاند.
 
رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، پەنابەرێکی عێراقی بەناوى سەلوان مۆمیکا لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە سوێد، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى رێوشوێنە یاساییەکانیان لە دژى سەلوان مۆمیکا بەگوێرەى مادەى 14ى یاسای سزادانى عێراقى دەبێت.
 
مادەى 14ى یاسای سزادانى عێراقى تایبەت بەو تاوانانەى هاووڵاتیى عێراقى لە دەرەوەى وڵات دەیکات، کە دەشێت بە رەزامەندیى وەزارەتى داد بەدواداچوونى یاسایی بۆ بکرێت، ئەگەر سزاى کۆتایی لە دژى لەلایەن دادگەیەکى بیانى دەرکرابێت بە بێتاوانبوونى یان تاوانبارکردنى و سزاکەى بە تەواوى وەرگرتبێت، بەدواداچوونى یاسایى بۆ ناکرێت، بەڵام ئەگەر ئەو تاوانانەى کردوویەتی لەو وڵاتە سزاى لەسەر نەبێت، دەکرێت رێوشوێنى یاسایى لە دژى ئەو تۆمەتبارە لە دادگەکانى عێراق بگرێتەبەر.
 
سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى داواى لە سەرۆکایەتیى داواکاریى گشتى کردووە کە بە هاوئاهەنگى لەگەڵ دادگەى لێکۆڵینەوەى یەکى کەرخ لە بەغدا رێوشوێنە یاساییەکان بگرنەبەر، بۆ ئەوەى بەگوێرەى یاسا داواى گەڕاندنەوەى ئەو کۆچبەرە بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە