رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو بازرگانێکی مادەی هۆشبەر لە پارێزگای میسان کوژرا و وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە یەکێک لە "مەترسیدارترین" بازرگانانی مادەی هۆشبەر ناوی دەبات.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر رێگەی کرملی کە قەزای مەیموونە بە قەزای مەجەری گەورە لە پارێزگای میسان دەبەستێتەوە، رووبەڕبوونەوە لە نێوان هێزێکی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر و تۆمەتبار (م.ح.ع) ناسراو بە "ئەبیش" روویداوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، ئەبیش یەکێک لە مەترسیدارترین تۆمەتباران بووە و چەندین فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "لە رووبەڕبوونەوەکەدا گولـلە بەر سەری کەوتووە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە؛ دەست بەسەر نزیکەی کیلۆ و نیوێک مادەی هۆشبەر و دوو چەک و بڕێک تەقەمەنیشدا گیراوە".
لیوا خالید مەحنا، گوتەبێژی وەزارەتی نێوخۆی عێراق رۆژی 08-07-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵەوە ژمارەی ئەوانەی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون گەیشتووەتە 10 هەزار تۆمەتبار؛ ملیۆنان پارچە حەب لەوانەی کاریگەرییان لەسەر مێشک و بیرکردنەوە هەیە و سەدان کیلۆ مادەی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە".
خالید مەحنا هەروەها گوتی، "لە رووی جۆرییەوە، زۆرینەی ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیرکراون لەوانەن کە بازرگانییان بەو مادانە کردووە. لە ساڵانی پێشتردا داتاکان وایان دەردەخست کە زۆرینەی هەرە زۆری دەستگیرکراوان لە بەکارهێنەرانن، بەڵام ئێستا گەیشتووینەتە تۆڕە گەورەکانی هێنان و بردنی مادەی هۆشبەر".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ