رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ کارەبای نیشتمانی لە ژمارەیەک پارێزگای نێوەڕاست و باشووری عێراق، لە نێویاندا بەغدای پایتەخت، سەلاحەدین و زیقار پچڕا، پێش ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ "بە قۆناخ" بگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی. بە گوێرەی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەمڕۆ ئاگر لە وێستگەیەکی کارەبا لە بەسرە کەوتووەتەوە و ژمارەیەک تاوەری گواستنەوەی کارەباش لە پارێزگای سەلاحەدین بە بۆمبی چێنراو تەقێنراونەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، دۆخی کارەبا "قۆناخ بە قۆناخ" دەگەڕێتەوە سەر باری ئاسایی خۆی، دوای ئەوەی کە بە گوێرەی وەزارەتەکە، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە وێستگەیەک، لە ژمارەیەک پارێزگا کارەبا بە "تەواوی پچڕابوو."
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: کارەبا "قۆناخ بە قۆناخ دەگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی، ئەوەش بە وەگەڕخسنتەوە و گرێدانی ژمارەیەک یەکەی بەرهەمهێنان و هێڵی گواستنەوە بە تۆڕی نیشتمانییەوە کە بەهۆی دۆخێکی لەناکاو لەکارکەوتبوون."
وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژە بەوە دەکات، لەگەڵ چاککردنەوە و ئاساییکردنەوەی وێستگە و تۆڕەکان، کارەبا بۆ پارێزگاکان گەڕاوەتەوە.
مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە بەغدا پشتڕاستیکردەوە کە لە رۆژی هەینییەوە کارەبای نیشتمانی لە بەغداش پچرابوو و ئێوارەی شەممە هاتووەتەوە.
پێشتر وەزارەتی کارەبای عێراق لە راگەیێندراوێکدا روونیکردبووەوە کە "ئەمڕۆ شەممە کاژێر 12:40 خولەکی دوای نیوەڕۆ، بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە وێستگەی بەکر لە پارێزگەی بەسرە، سیستمی کارەبا رووبەڕووی پچڕانی کوژانەوەی تەواوەتی بووەوە."
راگەیێندراوەکە باس لەوە دەکات کە ئاگرەکە "بووە هۆی پچڕانی هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا کە ناوچەی باشوور بە ناوچەی نێوەڕاست دەبەستنەوە."
وەزارەتەکە هەروەها گوتبووی، "کارکردن بە شێوەیەکی خێرا بەردەوامە بۆ وەگەڕخستنەوەی یەکە پچڕاوەکانی بەرهەمەهێنان و هێڵەکانی گواستنەوە."
لە راگەیێندراوێکی دیکەی جیادا، وەزارەتی کارەبای فیدڕالی گوتی، لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ "دۆزینەوەی خێرای هۆکارەکانی ئاگرەکە."
ئەوە تاکە کێشە نەبوو لە رۆژێکی گەرمی تەممووزدا بەرۆکی کارەبای عێراق بگرێت. وەزارەتی کارەبای عێراق هەر ئەمڕۆ راگەیاند، ژمارەیەک تاوەری گواستنەوەی کارەبا لە سەلاحەدین تەقێنراونەتەوە و هێڵەکەی لە کارخستووە.
بە گوێرەی وەزارەتەکە، هێڵی گواستنەوەی کارەبای سەلاحەدین - حەدیسە، بە ژمارەیەک بۆمبی چێندراو کراوەتە ئامانج، "لە ئەنجامدا سێ تاوەر کەوتوونەتە خوارەوە و تەلەکان زیانیان بەرکەوتووە و پچڕاون بە دیاریرکاویش لە ناوچەی قەناتر لە نێو سنووری سەلاحەدین."
عێراق رۆژانە رووبەڕووی پچڕانی کارەبا دەبێتەوە کە هەندێ جار دەگاتە 10 کاژێر لە رۆژێکدا. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیش دۆخەکەی هێندەی دیکە سەختر کردووە.
کەمیی کارەبای عێراق دەگەڕێندرێتەوە بۆ خراپیی وێستگەکانی بەرهەمهێنان و تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا کە لە دوای ساڵی 2003ـەوە، بەهۆی شەڕ و توندوتیژییە یەک لە دوای یەکەکان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە و لەبەر گەندەڵی نەتوانراوە سەردەمیانە بکرێت.
وێڕای ئەوەی وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز، وێستگە کارەباییەکانی عێراق بە شێوەیەکی گەورە پشت بە گازی هاوردەکراوی ئێران دەبەستن، کە ئەویش چەندین جار بەهۆی دواکەوتنی عێراق لە پێدانەوەی قەرزەکانی، لە لایەن تارانەوە رادەگیرێت و دۆخی کارەبای عێراق خراپتر دەکات.
بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکە، شارەکان پەنا دەبەنە بەر موەلیدە ئەهلییەکان کە بەرهەمەکەیان بەشی هەموو پێداویستییەکانی رۆژانە ناکات، لەوانەش ئامێرەکانی فێنککردنەوە.
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، عێراق پێویستی بە 32 هەزار مێگاواتی رۆژانە هەیە. بەڵام لە لووتکەی توانایاندا، بە گوێرەی بەرپرسانی عێراق، وێستگەکانی وڵاتەکە 26 هەزار مێگاوات لە رۆژێکدا بەرهەمدێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ