رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سوودانی بۆ کاروباری پیشەسازی و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت دەڵێت، لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا توانیویانە کەرتی دەرمان بەرەوپێش ببەن و 154 جۆر دەرمانی نوێ بەرهەمبهێنن. دەشڵێت، بەهای گرێبەستەکانی کۆمپانیای گشتیی بەبازاڕکردنی دەرمان لە 144 ملیار دینارەوە بۆ زیاتر لە 600 ملیار دینار.
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ی تەممووز، د. حەموودی عەباس لامی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پیشەسازی و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەنگاوەکانی حکومەت بۆ بەنیشتمانیکردنی کەرتی دەرمان، هاوکاربووە بۆ گەڕاندنەوەی یەک ملیار دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت."
د. حەموودی گوتی، "لە سێ ساڵی رابردوودا، 38 دەرمانی نوێ بۆ چارەسەری نەخۆشیی پەستانی خوێن، 33 دەرمانی نوێ بۆ نەخۆشانی شەکرە و 58 جۆری دژەهەوکردنی بەکتریایی بەرهەمهێنراون، ئەمە جگە لەوەی، دەست بە بەرهەمهێنانی 25 دەرمانی جیاواز بۆ چارەسەری شێرپەنجە کراوە".
راوێژکارەکەی سوودانی دەڵێت، "34 کارگە بە تەواوی توانایانەوە کاردەکەن، 178 داواکاریش ئاراستەی حکومەت کراوە، بۆ دروستکردنی کارگەی دەرمان لە نێوخۆدا."
بە گوتەی د. حەموودی لامی، ئەو داواکارییانەی بۆ دروستکردنی کارگەی نوێ لە بواری کەرتی تەندروستی کراون، ئەمانەن: داواکاری بۆ دروستکردنی کارگەی بەرهەمهێنانی دەرمان، کارگەی ئامێر و پێداویستیی پزیشکی، کارگەی دروستکردنی دەزووی نەشتەرگەری و کارگەی دروستکردنی ژیناو.
وەک لامی ئاماژەی پێدەکات، لەلایەن حکومەتەوە "ئاسانکاری زۆر" بۆ پڕۆژە نوێیەکان کراوە، ئەوەش بە پێدانی قەرز بەو وەبەرهێنەرانەی دەیانەوێت کارگەی نوێ دروستبکەن یان پڕۆژەکانی ئێستایان پەرەپێبدەن.
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پیشەسازی و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت ئاشکرای دەکات، پێداچوونەوەیان بە نرخی ئەو دەرمانانەدا کردووە، کە وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە کارگە نێوخۆییەکانی دەکڕێت. گوتیشی، "نرخەکانمان بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرزکردووەتەوە، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای گرێبەستەکانی کۆمپانیای گشتیی بەبازاڕکردنی دەرمان لە 144 ملیار دینارەوە بۆ زیاتر لە 600 ملیار دینار."
بە گوتەی د. حەموودی لامی، "بەهای دەرمانی بەرهەمهێنراوی ناوخۆیی نزیکەی چارەکێکی تێچووی دەرمانی هاوردەکراو پێکدەهێنێت، واتە تاوەکو ئێستا، بەهۆی پشتبەستن بە دەرمانی دروستکراوی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی هاوردەکردن، ساڵانە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێتەوە."
جەختیشی کردەوە، "ئەو دەرمانانەی لە ناوخۆدا بەرهەمدەهێندرێن، بەپێی بەرزترین ئاستی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانە و هەمان تایبەتمەندیی بەرهەمە پەسندکراوە جیهانییەکانیان هەیە."
گەورەترین و سەرەکیترین کۆمپانیای تایبەت بە دروستکردنی دەرمان لە عێراق، کۆمپانیای دەرمانی سامەڕایە، کە لە ساڵی 1965 دامەزراوە و چەندین لقی لە نێوخۆدا هەیە.
ئەو کۆمپانیایە لە ساڵی 1970 دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە و خاوەنی 8 بڕوانامەی جیهانییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ