رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای واست بڕیاریدا هایپەرمارکێتە سووتاوەکەی شاری کووت بکاتە مۆنۆمێنت و پارچە زەویش بە کەسوکاری قوربانییەکان بدات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی تەممووز، سەلام عجێلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای واست بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیارماندا زەوی هایپەرمارکێتە سووتاوەکەی کووت بکڕین و وەکو مۆنۆمێنتێک بیهێڵینەوە."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای واست گوتی، "هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا، سەرجەم خێزانی ئەو کەسانەی کە لە ئاگرەکەدا گیانیان لەدەستداوە، هەریەکە پارچەیەک زەوی 200 مەترییان لە شاری کووت پێبدرێت."
درەنگی شەوی 16ـی تەممووز، ئاگر لە هایپەرمارکێتێکی شاری کووتی ناوەندی پارێزگای واست کەوتەوە کە ناوی (هایپەرمارکێتی کۆڕنیش) بوو؛ بەهۆیەوە 63 کەس گیانیان لەدەستدا.
رۆژی 19ـی ئەم مانگەش، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی واست و 6 تۆمەتباری دیکەی لە هەمان بەڕێوەبەرایەتی و شارەوانی کوت راگەیاند؛ کە بە گوێرەی دەستەکە، "کەمتەرخەمییان" بووەتە هۆکاری ئاگرکەوتنەوە لە هایپەرمارکێتەکە.
لە 23ی مانگیشدا، محەممەد مەیاحی، پارێزگاری واست بەهۆی رووداوەکەوە دەستی لەکار کێشایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ