وەزیرى بازرگانیى تورکیا: نێردەى سەرۆککۆمارى وڵاتەکەمان سەردانى عێراق دەکات

29-08-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرى بازرگانیى تورکیا دەڵێت، بەمنزیکانە نێردەى رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانى عێراق دەکات، ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر ئاماژە بەوە دەکرا، مانگی داهاتوو سەرۆککۆماری تورکیا خۆی دەچێتە بەغدا.
 
29ى ئابى 2023 عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق کۆبووەوە، دواى ئەوەى 28ى ئاب گەیشتە بەغدا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوى سەرۆکایەتیى کۆماری عێراق، هەردوولا لەو کۆبوونەوەیەدا باسیان لە پەیوەندیى نێوان هەردوو وڵات و سەردانى دوولایەنەى بەرپرسانى تورکیا و عێراق کردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری بازرگانیی تورکیا ئاماژەى بەوە داوە کە فەیسەڵ ئۆغڵو، نێردەى سەرۆککۆمارى تورکیا "بەمنزیکانە" سەردانى عێراق دەکات.
 
هاوکات عومەر بۆڵات لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی، "لە سەردانەکەمدا بۆ عێراق، خۆم و ستافەکەم لەلایەن بەڕێز لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازیمان لێکرا. سەرۆککۆمار باسی لەوە کرد کە تورکیا لە رێگەی کۆمپانیا بیناسازییەکانییەوە رۆڵی گرنگی لە ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا هەبووە. راشیگەیاند، دەیەوێت کۆمپانیاکان لە پرۆژەی نوێی وڵاتەکەیدا ببینێت."
 
عومەر بۆڵات هەروەها باسی لەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەسەر زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە.
 
23ى ئابى 2023 هیشام عەلەوی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زۆر دڵنیا نیم ئەم مانگە سەرۆک ئەردۆغان بگاتە عێراق، بەڵام مانگی داهاتوو سەردانەکە ئەنجام دەدات. سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا و پاشانیش وەزیری ئابووری و بازرگانیی تورکیا ئامادەکارییەکە بۆ سەردانی شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان."
 
22ى ئاب، هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا گەیشتە بەغدا و 23ى ئاب سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە