دوو سەرچاوەی باڵای ئەمنیی عێراق بۆ رووداو: سبەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەست بە کشانەوە دەکەن

29-08-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوو سەرچاوەی ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، لە سبەی شەممەوە هێزەکانی ئەمریکا لە چەند ناوچەیەکی بەغدا دەست بە کشانەوە دەکەن. راوێژکاری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنباریش دەڵێت، لە عەین ئەسەدیش دەکشێنەوە.
 
بەگوێرەی ئەو دوو سەرچاوەیەی رووداو، کشانەوەکە لە ناوچەی سەوزی بەغدا، فڕۆکەخانەی بەغدا و بنکەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەغدا دەبێ.
 
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014ـەوە لەسەر داوای فەرمیی حکومەتی عێراق و بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی داعش لە عێراق جێگیرن و پێکهێنەری سەرەکی ئەو هێزەش ئەمریکایە.
 
ئەو دوو سەرچاوەیە باڵا ئەمنییە ئاماژەیان بەوە کرد، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە و هێزەکانی ئەمریکاش بەرەو هەولێر دەکشێنەوە، نەوەک دەرەوەی عێراق.
 
بنکەى عەین ئەسەد لە ئەنبار زۆرترین مەشقپێکارى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژی داعشى بە سەرکردایەتیى ئەمریکا لێیە.
 
هەر ئەمڕۆ عەبدوڵڵا جغێفی، راوێژکاری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییەکان، کشانەوەی سبەی هێزەکانی ئەمریکا عەین ئەسەدی ئەنباریش دەگرێتەوە."
 
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێگیرکراون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گواستنەوەی چەکدارانی داعش بە یاوەری سەربازانی ئەمریکا. وێنەکە AFP

رووداو لیستی ئەو چەکدارانەی داعش بڵاودەکاتەوە کە لە سووریاوە بۆ عێراق گوێزراونەتەوە

تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی عێراقەوە ژمارەی ئەو چەکدارانەی پێشووی داعشی دەستکەوتووە کە لە سووریاوە بۆ عێراق گوێزراونەتەوە و ئێستا لە زیندانی کەرخ لە بەغدا دەستبەسەرن. چەکدارەکان هەڵگری وڵاتینامەی چەندین وڵاتن.