دیاردەکانی "خۆکوشتن" و "کوشتنی ئافرەتان" لە عێراقدا لە هەڵکشاندان

29-09-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن عێراق خۆکوشتن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 2020/09/29 تاوانێکی دیکەی کوشتن لە شاری بەغدا ئاشکرابوو و تا دێت ژمارەی تاوانەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە عێراقدا بەرەو هەڵکشانە.
 
ماڵپەری "ناس نیوز" بڵاویکردەوە پۆلیس کوژرانی کچێکی تەمەن 12 ساڵانی راگەیاندووە کە لە باشووری رۆژهەڵاتی بەغدا پاش دەستدرێژیی سێکسی کوژراوە.
 
پۆلیس ئاشکرای کردووە منداڵەکە لەدایکبووی 2009یە. پاش ئەوەی لەلایەن کەسێکەوە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر، کوژراوە. بە گوتەی پۆلیس، دەستدرێژیکارەکە هاوتەمەنی کوژراوەکەیە.
 
سەرچاوەکەی پۆلیس دەستگیرکردنی تاوانبارەکەی راگەیاندووە، ئەوەشی روونکردووەتەوە، "پشکنینەکان ئاشکرایان کردووە قوربانییەکە دەستدرێژیی سێکسیی کراوەتە سەر، دواتر خنکێنراوە، ئەمەش پاش ئەوەی تۆمەتبارەکە بە کەرەستەیەکی تیژ لێیداوە". تاوانەکە لە ناوچەی مەدائین روویداوە.
 
رووداوەکە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی تاوانەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە عێراقدا. هاوکات خۆکوشتنی ئافرەتان و دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەریان و کوشتنیان زۆر بەرەو بەرزبوونەوەیە، بەتایبەت لە بەغدای پایتەخت.
 
بنکەکانی پۆلیس رۆژانە چەندین حاڵەتی خۆکوشتن و کوشتن و تاوانی دیکە تۆمار دەکەن. زۆربوونی رووداوەکان بەپێشهاتێکی مەترسیدار و پێشتر نەبینراو لە وڵاتەکەدا ناودەبرێت.
 
"ناس نیوز" لیستی چەندین تاوانی دیکەی هاوشێوەی لە ماوەی ئەم مانگەدا (ئەیلوول) خستووەتە روو کە پۆلیس رایگەیاندوون، لەوانەش:
 
رۆژی 23ی ئویلوول  کچێکی لەدایکبووی 2004 لە ناوچەی ئەبودەشیر لە ماڵەکەی خۆیدا بە خنکاوی دۆزرایەوە، پاش ئەوەی خۆی هەڵواسیبوو. سەرچاوەکانی پۆلیس رایانگەیاندووە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.
 
رۆژی 16ی هەمان مانگ سەرچاوەکانی پۆلیس ئاشکرایان کرد، "هێزێکی پۆلیسی مەلەوانگە زانیاریی بەدەستگەیشتووە کە گەنجێکی لەدایکبووی 2004 لەنێو دووکانێکی فرۆشتنی کەلوپەلی کارەباییدا بە پشتێنێکی چەرم خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە." پۆلیس تەرمەکەی رادەستی دادپزیشکیی شارەکە کردووە.
 
لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا فەرماندەیی پۆلیسی بەغدا رووداوی کوشتنێکی "تەمومژاوی"ـی لە ناوچەی دۆرە راگەیاند. فەرماندەییەکە لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، "پۆلیس زانیاریی لەسەر تاوانێکی کوشتن لە ناوچەکە پێگەیشتووە و پاش گەیشتنی تیمەکانی بۆ ناوچەکە و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە، توانیویەتی تاوانکارەکە دەستگیر بکات."
 
پۆلیس ئاشکرای کردووە، "تاوانبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، بە پۆلیسی راگەیاندووە هەوڵی داوە دەستدرێژیی سێکسی بکاتە سەر کچەکە، بەڵام کاتێک خۆی بەدەستەوە نەداوە و بەرگریی کردووە، خنکاندوویەتی و ب ەچەقۆ سەری بڕیوە". تۆمەتبارەکە روونیکردووەتەوە کەرەستەی تاوانەکەی شاردووەتەوە.
 
ناوەڕاستی هەمان مانگ پۆلیس تەرمی ئافرەتێکی لە ناوەڕاستی ناوچەی سەدر دۆزییەو، کە فیشەک بە جەستەیەوە بوو.
 
پۆلیس ئاشکرایکردووە ئافرەتە کوژراوەکە تەمەنی 25 ساڵ بووە و فیشەک بە سەریەوە نراوە.
 
رۆژی 15ی مانگ پۆلیسی بەغدا رایگەیاند دوو حاڵەتی خۆکوشتنی کچێک و کوڕێکی لە ناوچەکانی زەعفەرانییە و فەرمانبەران تۆمارکردووە.
 
پۆلیس گوتی کوڕەکە لەدایکبووی 1981ـە، لە ماڵەکەی خۆیدا لە ناوچەی زەعفەرانییە خۆی خنکاندووە. کچەکەش لەدایکبووی 2003ـیە و لە ناوچەی فەرمانبەران لەناو ماڵەکەی خۆیدا خۆی خنکاندووە.
 
دوو رۆژ بەر لەو خۆکوشتنە دووانەییە، خۆکوشتنی دوو ئافرەتی دیکە لە دوو رووداوی جیاوازدا تۆمارکران. یەکێکیان ئافرەتی ماڵ بووە و ئەویدیکەیان قوتابی بووە.
 
پۆلیس ئاشکرای کرد سەرلەبەیانیی رۆژی 13ی مانگ ئافرەتێکی لەدایکبووی 2005 لە ماڵی خۆیاندا خۆی خنکاندووە. هەروەها لە ناوچەی کەسرە کچە خوێندکارێکی لەدایکبووی 2002 لە ژوورەکەی خۆیدا خۆی کوشتووە.
 
هاوکات کوڕێکی چەکداری تەمەن 19 ساڵ لە گوندێکی باکووری بەغدا خوشکە 18 ساڵانەکەی خۆی دایە بەر دەستڕێژی گولـلە و کوشتی.
 
پۆلیس گوتی، رووداوەکە لە گوندی "عەواد حوسێن" لە نزیک تاجی روویداوە کە لەسەر دەمەقاڵێی نێوان خوشک و براکە بووە. 
 
پۆلیس چووەتە شوێنی رووداوەکە و تاوانبارەکە و چەکی تاوانەکەی گرتووە.
 
پێشتر پۆلیسی بەغدا دۆزینەوەی تەرمی ئافرەتێکی نەناسراوی لە ناوچەی سەعدوون راگەیاندبوو. پۆلیس لە رۆژی 6ـی ئەیلوولدا ئاشکرای کرد، هێزەکانیان تەرمی ئافرەتێکی نەناسراویان دۆزیوەتەوە کە تەمەنی 35 ساڵە و گوللـە بە سەریەوە نراوە.
 
لە هەمان ناوچە، هاونیشتمانییەک کە پۆلیس تەمەن و رەگەزی دیاری نەکردووە، لەکاتی راوەستان لە ناو پەنجەرەی شوقەکەی خۆی، تەقەی لێکراوە و ب ەبرینداری گەیێنراوەتە نەخۆشخانەی شێخ زاید.
 
رۆژی 4ی ئەیلوول هێزێکی پۆلیس تەرمی ئافرەتێکی لە ناوچەی حەمیدیە لەنێو شاری سەدر راگەیاند. پۆلیس گوتوویەتی تەرمەکە نەناسراوە و قوربانییەکە گوللـە بە سەریەوە بووە. هەمان رۆژ ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس لە ناوچەی حوسێنییە ئافرەتێکی شێلا و کوشتی و شۆفێرەکە دەستبەسەر کرا.
 
هاوکات لە ناوچەی کەڕادە پیاوێک بە دەمانچەکەی تەقەی لە هاوژینەکەی کرد و برینداری کرد. پۆلیس گوتی، ئەو دوو هاوسەرە بووەتە دەمەقاڵێیان و پیاوەکە بەدەمانچەکەی، فیشەکێکی بەهاوسەرەکەیەوە ناوە.
             
رۆژی 2ی هەمان مانگ، لە ناوچەی ئەبونەواسی بەغدا پیاوێک بە چەقۆ هاوژینەکەی خۆی کوشت. پۆلیس گوتی رووداوەکە لە ناوچەی باخچەکانی ئەبونەواس روویداوە و لێکۆڵینەوە بۆ هۆکاری تاوانەکە دەستیپێکردووە.
 
پیاوە بکوژەکە، هۆکاری کوشتنی هاوژینەکەی بۆ "خیانەت" لە هاوسەرگیری گەڕاندووەتەوە.
 
رۆژی یەکی ئەیلوول لە شارۆچکەی قەرەتەپەی سەر بەپارێزگای دیالە راگەیێندرا کە پیاوێک هاوژینەکەی خۆی کوشتووە و دواتر خۆیشی کوشتووە.
 
وەسفی تەمیمی، پارێزگاری دیالە، رایگەیاند  لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دیالە پیاوێکی تەمەن مامناوەند، بە فیشەک هاوژینەکەی خۆی کوشت و دواتر فیشەکێکی بە خۆیەوە ناوە.
 
سەرچاوە ناوخۆییەکانی پارێزگاکە ئاشکرایان کردووە، "پیاوەکە کێشەی دەروونیی هەبووە، بەهۆی ناکۆکی لەسەر بەشوودانی کچەکەی، هاوژینەکەی کوشتووە و پاشان خۆی".
 
سەرەتای ئەیلوول لە بەغدا پیاوێکی دیکە هاوژینەکەی خۆی کوشت. سەرچاوەکانی پۆلیس گوتیان تاوانبارەکە لە ناوماڵەکەی خۆیان لە ناوچەی زەعفەرانییە هاوژینەکەی کوشتووە و دواتر تەقەی لە کچەکەشی کردووە.

 

 
پۆلیس ژمارەی رووداوەکانی پەیوەست بەتوندوتیژیی خێزانی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ئاشکرا کرد.
 
عەمید غالب عەتییە ئاشکرای کردووە، "بەشەکەمان لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا هەزاران هاواری بەهاناوەچوونی لە رێگەی هێڵە بەپەلەکانەوە پێگەیشتووە. بەشێکی دیکەش لە رێگەی ئیمێلەوە هەمان داوایان ئاراستەی پۆلیس کردووە. زۆرینەی داواکاریی بەهاناوەچوونەکان بۆ رزگاکردن بووە لە توندوتیژیی خێزانی."
 
عەتییە روونی کردووەتەوە، "لەنێو ئەو حاڵەتانەدا 100 رووداوی توندوتیژی دژی ئافرەتان تۆمارکراوە لەگەڵ 123 حاڵەت کە منداڵ تێیدا بوونەتە قوربانی." ئاماژەی بەوە داوە ،"هێزەکانمان 75 ئافرەتی هەڵهاتوو لە ماڵیان گەڕاندووەتەوە کە پێشتر توندوتیژییان بەرامبەر کراوە، ئەمە جیا لە هەڵهاتنی 40 منداڵ بە هەمان هۆکار."
 
عەمیدەکە رایگەیاندووە هێزەکانیان توانیویانە رێگری لە خۆکوشتنی 23 کەس بکەن کە رووبەڕووی توندوتیژیی خێزانی بوونەتەوە. جیا لەوەش سەرپەرشتیی پێکهێنانەوە و ئاشتەوایی نێوان 188 خێزانیان کردووە کە هاوسەرەکانیان نزیکبوون لە جیابوونەوە. جیا لەوەی سەدان دۆسێی دیکەی هاوشێوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژنان و منداڵان نێردراون. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە