دەروازە سنوورییەکانی عێراق: مانگی ئاب 24 هەوڵی بردنەدەرەوەی پارە و مادەی هۆشبەرمان پووچەڵکردەوە

29-09-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مانگی رابردوو 380 سەرپێچی لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق شکستیان پێهێندراوە کە 24یان بردنەدەرەوەی پارە و مادەی هۆشبەر بوون.
 
عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 29-9-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو ئامارە "دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە."
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان، عێراق 20 دەروازەی سنووری هەیە، 11یان وشکانی، 6 ئاوی و 3 ئاسمانیین.
 
هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی نێودەوڵەتی لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەیە؛ حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر، باشماخ و پەروێزخان لە پارێزگای سلێمانی. دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل تەنیا دەروازەی نێودەوڵەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقە لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیا. هەرێمی کوردستان خاوەنی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیشە.
 
گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەشڵێت، سەرپێچییەکان لەژێر ناوی جۆراوجۆرکراون، بەڵام دەستەی دەروازە سنوورییەکان بە هاوکاری لایەنەکان پەیوەندارەکان ئاشکرا و پووچەڵی کردوونەتەوە.
 
بەشێک لە سەرپێچییەکان بە گوتەی قەیسی، بریتی بوون لە: 6 هەوڵی بە قاچاخ بردنەدەرەوەی پارە و 18 هەوڵی بردنە دەرەوەی مادەی هۆشبەر. ئاماژەی بەوەشکرد، رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانیان گیراوەتەبەر و دۆسیەکانیان دراوەتە دادگە. 
 
گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق راشیگەیاند، هەر مانگی رابردوو لە دەروازە سنوورییەکان 141 تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، دۆسیەی 129 سکاڵاشیان رەوانەی دادگە کردووە بۆ ئەوەی دادگە بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە