رووداو دیجیتاڵ
دەزگای شەهیدانی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن شیاع سەبار، باوکی محەممەد شیاع سوودانی شەهید نییە و لەسەر جێگە مردووە.
دەزگاکە ئەمڕۆ دووشەممە 29ی ئەیلوول رایگەیاندووە، "ئەو دەنگۆیانە پشتیان بە هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و راستی نەبەستووە و هەوڵێکن بۆ چەواشەکردنی رای گشتی، بوختانکردن و لەکەدارکردنی نێوبانگی دەزگاکە بە ئامانجی دەستکەوتی سیاسی لەسەر حیسابی خوێنی شەهیدان."
دەزگای شەهیدانی عێراق هەروەها رایگەیاندووە، "هەڵمەتێکی درۆ و بوختان کراوەتە سەر شەهید شیاع سەبار حاتەم سوودانی، باوکی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کاتێکدا ئەو یەکێک بووە لەوانەی بەرەنگاری رژێمی پێشوو بووەتەوە."
دەزگای شەهیدان ئەو هەڵمەتانە بە "لێکچووی هەڵمەتەکانی رژێمی بەعس" ناودەبات.
دوو رۆژە لە چەند پەیج و ماڵپەڕێکدا دەنگۆیەک بڵاوکراوەتەوە، گوایە شیاع سەبار حاتەم سوودانی، باوکی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، "شەهید نییە و لەسەر جێگا مردووە."
دەزگای شەهیدانی عێراق جەخت دەکاتەوە، ئەو بانگەشانە "هیچ پەیوەندییەکیان بە راستییەوە نییە و بچووکترین پێوەرەکانی یاسا، دەستپاکی و پیشەییبوونیان تێدا نییە."
دەزگاکە پابەندبوونی خۆی بە "شەفافیەت، دەستپاکی و جێبەجێکردنی یاسا و خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان" دووپاتدەکاتەوە و دەشڵێت، "مافی خۆمانە رێکاری یاسایی دژی هەرکەسێک بگرینەبەر کە زانیاریی نادروست بڵاو دەکاتەوە و زیان بە ناوبانگی دەزگاکە و پێگەی شەهیدان و کەسوکاریان دەگەیێنێت."
شیاع سەبار حاتەم سوودانی، ئەندامی حیزبی دەعوەی ئیسلامی بووە و بەگوێرەی دەزگای شەهیدانی عێراق، ساڵی 1980 لەلایەن حکومەتی پێشووی عێراقەوە لەسێدارە دراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ