رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتێکی ناوەندێکی تایبەت بە هەڵبژاردن، نزیکەی 27%ـی دەنگدەران لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ساڵی 2025ـی پەرلەمانی عێراق بێبەش دەبن، هۆکارەکەشی ئەوەیە بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەبێ کارتی بایۆمەتری هیچ کەسێک ناتوانێت دەنگ بدات.
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پلانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی بۆ تۆماری کۆتایی دەنگدەرانی بایۆمەتری پەسند کردووە. بەگوێرەی تۆمارەکە، 21,404,291 کەس مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەماندا هەیە و بەم شێوەیە دابەشبوون: 20,063,773 دەنگدەری گشتی، 1,313,980 دەنگدەری تایبەت و 26,538 دەنگدەری ئاوارە.
ناوەندی شارەزایانی هەڵبژاردن بۆ لێکۆڵینەوە و راهێنان، ئەمڕۆ دووشەممە، 29-09-2025، بڵاویکردەوە، کۆی گشتیی دەنگدەران لە عێراقدا (تۆمارکراو و تۆمارنەکراو) 29,253,260 کەسە. بەمەش 7,848,969 دەنگدەر ناتوانن بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، کە دەکاتە رێژەی 26.83%ی کۆی دەنگدەران. هۆکاری سەرەکیی بێبەشبوونی ئەم ژمارە زۆرەی دەنگدەران، مەرجی بوونی کارتی دەنگدانی بایۆمەترییە وەکو بەڵگەنامە بۆ دەنگدان.
ناوەندەکە پێشتر پێشنیازی کردبوو، کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ دەنگدان پەسند بکرێت. بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی رێگە بۆ بەشداریی فراوانتر خۆش دەکات، چونکە تاوەکو ئێستا نزیکەی 73%ـی هاووڵاتییان ئەو کارتەیان هەیە. جگە لەوەش، کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو رێگە بە دەنگدەرانی دەرەوەی وڵاتیش دەدات مافی دەنگدانی خۆیان بەکاربهێنن.
ناوەندەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، مافی دەنگدان مافێکی دەستوورییە و پێویستە دامەزراوەکان پاڵپشتیی بکەن و کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان بکەن تاوەکو بتوانن بەکاریبهێنن. "هیچ پاساوێک نییە بۆ بێبەشکردنی ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتییان لە مافی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، جا بە ئەنقەست بێت یان نا."
لەم بارەیەوە، جوومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 29-09-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەبوونی کارتی بایۆمەتری مەرجی سەرەکییە بۆ دەنگدان، بۆیە هەر کەسێک بە هەر هۆکارێک ئەو کارتەی نەبێت، ناتوانێت دەنگ بدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ