رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڕیاریدا بە دانانی یاسر عەبدولـلەتیف ساڵح نەجم، وەکو جێگرەوەی سەفا حوسێن مەشهەدانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا کە نێوەڕاستی ئەم مانگە کوژرا.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، رۆژی چوارشەممە (29-10-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران رۆژی سێشەممە (28-10-2025)، یاسر عەبدولـلەتیف ساڵح نەجم، کە لە لیستی هاوپەیمانیی سەروەری لە پارێزگای بەغدا بوو، وەکو ئەندامی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا پەسند کرد.
یاسر عەبدولـلەتیف، کە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2023ی ئەنجوومەنی پارێزگاکان 3,172 دەنگی بەدەست هێنابوو، لە شوێنی سەفا مەشهەدانی پۆستەکەی وەرگرت.
سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و بەربژێر لە هاوپەیمانی سەروەری، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە (15-10-2025) لە ناوچەی تارمیەی بەغدا بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیدا گیانی لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ