رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو، لایەنە شیعەکان بە لیست و هاوپەیمانییە کۆن و نوێیەکانیانەوە، چاویان بڕیوەتە کورسیی پارێزگا زۆرینە سوننەکان، لایەنە شیعەکان لە نەینەوا، سەلاحەدین و دیالە کە زۆرینە سوننەن، چوونەتە کێبڕکێ و ژمارەیەکی زۆرتر بەربژێر و لیستیان هەیە و رکابەری لەسەر کورسییەکان دەکەن.
هێزە سوننەکان لەم سێ پارێزگایەدا بە 29 لیست و 843 بەربژێر لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی زۆربەی کورسییەکان، لە بەرامبەردا هێزە شیعییەکان بە لیستە خاوەن گرووپە چەکدارەکانەوە بە 10 لیست و 377 بەربژێر، کێبڕکێ لەگەڵ سوننەکان دەکەن.
محەممەد غەسوب، لێکۆڵینڤان لە پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند: "لایەنە شیعەکان لە هەڵبژاردنی 11ـی تشرینی دووەمی 2025، بەراورد بە هەڵبژاردنی 2021 کورسیy زیاتر بەدەست دەهێنن. هۆکارەکەشی بۆ دەسەڵات، پارە و چەکی لایەنە شیعەکان گەڕاندەوە."
محەممەد غەسوب دەڵێ: "دوای 2017 کاتێک موسڵ لە دەست داعش رزگارکرا، گوتارە یەکگرتووەکەی سوننە نەما. سوننە بە داعش و بەعسیبوون تۆمەتبار دەکرێن". غەسوب روونیکردەوە: "لایەنە شیعەکان بەمەش نەوەستاون، هەوڵ دەدەن هۆزەکانیش بترسێنن و تۆمەتی داعشبوونیان پێ بدەن. "
بەپێی گوتەی ئەو: "هەندێک سەرلیستی سوننە هەن خۆیان ژێربەژێر سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگین، بەڵام بانگەشە بۆ سوننە دەکەن و کار دەکەن بۆ کۆکردنەوەی دەنگی سوننە، بەشێکیان سەرکردەی سوننە نین، دروستکراوی لیستە شیعەکانن."
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە خولی پێنجەم 140 ئەندامی هەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، هەرچەندە شیعەکان لە پارێزگاکان لیست و هاوپەیمانی جیاوازیان هەیە، بەڵام چوونیان بۆ ناوچە سوننەنشینەکان جێگەی سەرنجی خەڵکە.
محەممەد غەسوب پێیوایە: "ئەوان بۆشاییان هەیە لە پارێزگا زۆرینە شیعەکان و خەڵک متمانەی پێنەماون، بۆیە ئەو بۆشاییە لە پارێزگا سوننەکان پڕ دەکەنەوە.'' نموونە بە قسەی سەرۆکی شارەوانیی نەینەوا دێنێتەوە و دەڵێ "پێشێلکارییەکانی پۆستەری بەربژێرە شیعەکان لەو شوێنانە لابدات پێشێلکاری کراوە، بەهۆی ئەوەی گوشاری لەسەریەتی".
بەپێی بەدواداچوونی رووداو لە نەینەوا، کارتی دەنگدان بە 50 بۆ 150 هەزار دینار کڕین و فرۆشتنی لەسەر دەکرێت، کەمیی دەنگ و جەماوەری ئەو لایەنانە وای کردووە بە کڕینی کارتی بایۆمەتری، دەنگی سوننە کەم بکەنەوە و نەتوانن دەنگ بدەن.
سوننەکان لە نەینەوا بە 11 لیست و 602 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 31 کورسیی شارەکە. لە بەرامبەردا شیعەکان بە 4 لیست و 240 بەربژێری نێو لیستەکانیان و لە پاڵ ئەمەش بە چەندین بەربژێری سەربەخۆ چاویان لە 3 کورسی کۆتاکانی کریستیان، کوردی ئێزدی و شەبەکە، جگە لە هەوڵی سەرخستنی بەربژێرەکانیان لەناو "قەڵای سوننە"، هاوکات زۆر بە رژدی کار دەکەن بەربژێرانی کریستیان و ئێزدی و شەبەکیش سەربخەن، بۆ ئەمەش کێبڕکێ لەگەڵ خودی ئەم سێ پێکهاتەیە و کوردیش دەکەن.
لە پارێزگای سەلاحەدین، لایەنەکانی سوننە بە 9 لیست و 216 بەربژێرەوە کار دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 12 کورسییەکەی ئەم شارە زۆرینە سوننەیە. لە بەرامبەردا هێز و لایەنە شیعەکان بە 3 هاوپەیمانی و حیزب و 61 بەربژێر مەبەستیانە کورسی زیاتر لە سوننەکان بەدەست بهێنن.
لە پارێزگای دیالەش، لایەنەکانی سوننە بە 9 لیستی حیزب و هاوپەیمانی و 257 بەربژێر لە گۆڕەپاندان. شیعەکانیش بە 3 هاوپەیمانی و حیزب و بە 76 بەربژێر چاویان لە 14 کورسییەکانی ئەم پارێزگایەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ