کوردێک دەکرێتە سوپاسالاری فەرماندەیی گشتیی دەزگای دژەتیرۆری عێراق

29-11-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی دامەزراندنی لیوا روکنێکی کوردی بە سوپاسالاری فەرماندەیی گشتیی دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەرکرد. سوپاسالاری نوێ دەڵێت، "پۆستەکەم بەناوی کوردەوە وەرگرتووە و هەوڵدەدەم هاوئاهەنگیی نێوان دەزگای دژەتیرۆری عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر بکەم."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 29-11-2023 لیوا روکن سامان شێخ عاسی تاڵەبانی، کە فەرماندەیەکی سەربازیی کوردە، لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بۆ پۆستی سوپاسالاری فەرماندەیی گشتیی دەزگای دژەتیرۆری عێراق دیاریکرا.
 
ئەو فەرماندە کوردە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەشێکی زۆری تەمەنم لەنێو سلکی سەربازی لە هەرێمی کوردستان و سوپای عێراق و دەزگای دژەتیرۆری عێراق بووە، لە چەندین دەزگا پۆستی جیاوازم هەبووە."
 
لیوا روکن سامان شێخ عاسی، کە لە ساڵی 2019وە لەو دەزگایە کار دەکات گوتی، "وەکو کوردێک ئەو پۆستە نوێیەم وەرگرتووە. لە ماوەکانی رابردوودا لە دەزگای دژەتیرۆر هاوئاهەنگیی باشمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروستکردووە. هەوڵدەدەین ئەو هاوئاهەنگییە زیاتر و بەردەوام بێت."
 
لیوا روکن سامان شێخ عاسی تاڵەبانی:
 
- ساڵی 1970ــی لە قەزای خانەقین لەدایکبووە.
- ساڵی 1994 کۆلێژی سەربازیی قەلاچۆڵانی تەواو کردووە.
- بەکالۆریۆسی لە زانستە سەربازییەکاندا هەیە.
- لە ساڵی 2003وە پەیوەندیی بە سوپای عێراقەوە کردووە و فەرماندەی فەوج بووە.
- ساڵی 2004 - 2005 کۆلێژی ئەرکان و بەرگریی لە ئوسترالیا تەواو کردووە.
- لەنێو سوپای عێراق فەرماندەی لیوا و یاریدەدەری بەڕێوەبەری جووڵەکانی سەربازی بووە.
- ساڵی 2013 - 2015 لە پاشکۆی سەربازیی عێراق لە رۆمانیا بووە.
- لە ساڵی 2015 و دواتر لە میحوەری خازر هاوئاهەنگیکاری نێوان هەرێمی کوردستان و سوپای عێراق بووە.
- ساڵی 2019 چووەتە دەزگای دژەتیرۆری عێراق و لەو دەزگایە چەندین پۆستی وەرگرتووە، دوایینیان پشکنەری گشتیی سەربازیی دەزگای دژەتیرۆر و هاوئاهەنگیکاری نێوان دەزگای دژەتیرۆری عێراق و هەرێمی کوردستان بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە