رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق، پرۆژە یاسایەکی پەسندکرد و خوێندنەوەی بۆ شەش پڕۆژەیاسای دیکە کرد، جێگرەوەی محەممەد حەلبووسی سوێندی یاسایی خوارد و لێپرسینەوەش لەگەڵ سەرۆکی تۆڕی راگەیاندنی عێراق دواخرا. کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانیش رۆژی پێنجشەممە دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 167 پەرلەمانتار کۆبووەوە، تێیدا پڕۆژەیاسای هاوکاریی یاسایی پەسندکرا، دەنگدان بە پڕۆژەیاسای رێککەوتنی نێوان عێراق و تونس لە بواری خزمەتگوزاریی ئاسمانی و گواستنەوەی نێوان عێراق و میسر دواخران، ئەوەش لەسەر داواکاری پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕگەی لێپرسینەوە لە سەرۆکی تۆڕی راگەیاندنی عێراق بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا کە بە گوتەی رائید مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی کە داوای لێپرسینەوەکەی کردووە، "نەبیل جاسم، سەرۆکی تۆڕی راگەیاندنی عێراقی شایستەی ئەو پۆستە نییە، چەندین سەرپێچی دارایی و کارگێڕی کردووە، رای گشتی لەسەر هەندێک بابەت بەلاڕێدا بردووە".
هەروەها هەر ئەمڕۆ بورهان ناسر محەممەد نەمراوی لە شوێنی محەممەد رێکان حەلبووسی، سوێندی دەستووری خوارد و وەک پەرلەمانتار دەستبەکاربوو.
ئەوەش دوای ئەوە هات کە رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە. رۆژی 18ى کانوونى دووەمى 2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جێگرەوەى محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پێشووى پەرلەمان وەک پەرلەمانتار دیاریکرد.
بورهان ناسر بەربژێری هاوپەیمانیی تەقەدوومی سوننەکان، لە هەڵبژاردنى ساڵى 2021ى پەرلەمانى عێراقدا شەش هەزار و 716 دەنگى لە سنوورى پارێزگاى ئەنبار بەدەستهێنا کە بەگوێرەى بڕیارەکەی ئەنجوومەنى کۆمیسیاران وەک خاوەنى زۆرترین دەنگ لە نێو بەربژێرە سەرنەکەوتووەکانى ئەو بازنەى هەڵبژاردنە دیاریکرا کە حەلبووسی تێیدا بەربژێر بوو و سەرکەوت.
هەر لە دانیشتنەکەدا پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی کرد بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای خاوەندارێتی، هەمواری یەکەمی یاسای بەرگریی شارستانی، هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی ژمارە 20ی 2003، هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوە ژمارە 175ی 1994. هەروەها هەر لە کۆبوونەوەکەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی شوێنبزکردن دواخرا.
ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى عێراق هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام بڕیارەکانى هێزى یاساییان هەیە و کاریان پێدەکرێت. هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕیارانە دەبێت لە پەرلەمان بە دەنگدان یەکلایی بکرێنەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای مادەی هۆشبەر ژمارە 50ی 2017 و پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای دەستەی باڵای دەریاوانی عێراق کرا. دواتر دانیشنەکە کۆتایی هات و بڕیادرا رۆژی پێنجشەممە پەرلەمان کۆبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ