عێراق
نووسینگەی مافی مرۆڤی دیالە دەڵێت، کەسوکاری سەربازەکان وایانزانیوە ئەو سەربازانە تائێستا دیلی جەنگن.
رووداو دیجیتاڵ
گۆڕێکی بەکۆمەڵی سەربازانی عێراق لە سنووری قەزای شارەبان دۆزراوەتەوە، کە رووفاتی ئەو سەربازانەی تێدایە لە سەرەتای جەنگی عێراق و ئێران کوژراون. بەگوتەی نووسینگەی مافی مرۆڤی دیالە، تەرمی ئەو سەربازانە بەکۆمەڵ نێژراون و کەسوکاریان وایانزانیوە دیلی جەنگن.
ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای دیالە دۆزراوەتەوە.
عەمید هەیسەم شەمەری، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: گۆڕەکە لە ناوچەی سدوور دۆزراوەتەوە، کە سەر بە قەزای شارەبانە، ئەو رووفاتانەی تێیدایە سەربازی سوپای عێراق بوون و دۆسیەکە چووەتە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دیالە لە 28ی کانوونی دووەمی 2026 رایگەیاند: رووفاتی سەربازێک بە ناوی حوسێن تومان لەو گۆڕە بەکۆمەڵەدا دۆزراوەتەوە، کە خەڵکی پارێزگای بابل-ە و لە سەرەتای ساڵی 1981 لەکاتی جەنگ لەگەڵ ئێران بێسەروشوێن بووە.
سەلاح مەهدی، بەرپرسی نووسینگەی مافی مرۆڤی دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەفتەی داهاتوو سەردانی گۆڕەکە دەکەین تاوەکو زانیاریی تەواو وەربگرین."
پۆلیسی دیالە داواى لە کەسوکارى بێسەروشوێنانى جەنگى عێراق و ئێران کردووە سەردانى لایەنە پەیوەندارەکان بکەن بۆ وردبینیى ناوى رووفاتەکان لەو گۆڕە بەکۆمەڵەى دیالە بۆ ناسینەوەى کەسورکایان کە بێسەروشوێن بوون.
سەلاح مەهدی رایگەیاند، ئەگەری زۆرە ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە هی ئەو سەربازانە بێت کە لە سەرەتای هەشتاکاندا لە شەڕی ئێران و عێراقدا کوژراون و بەکۆمەڵ نێژراون و کەسوکاریان تاوەکو ئێستا وەک دیلی جەنگ هەژماریان کردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ