عێراق
هێزێکی زۆری پاسەوانی سنوور و سوپای عێراق لەسەر سنووری سووریا جێگیر کراون، وەکو ئامادەکارییەک بۆ هەر 'پێشێلکارییەک' روو بدات. وێنە: عەدلە بەکر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، بۆ پاراستنی سنووری نێوان عێراق و سووریا، حەوت جۆر بەربەست و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بەکاردەهێنن، کە یەکێکیان چاودێریکردنە بە درۆنى گەرمبین و تیشکى لێزەر.
ئەمڕۆ هەینی 30-01-2026، عەقید عەباس بەهادلی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە رووداوی راگەیاند، ماوەی سێ ساڵە و بەر لە رووداوەکانی ئێستای سووریا، دەستیان بە جێبەجێکردنی پلانی پتەوکردنی سنوور کردووە.
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، حەوت جۆر بەربەست و هۆکاری رێگری بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوور جێبەجێ کراون، کە بریتین لە: "هەڵکەندنی خەندەق، بەربەستی گڵین، بەربەستی کۆنکرێتی، تەلى دڕکاوى و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی وەک درۆنى گەرمبین کە بە تیشکی لێزەر کار دەکەن."
درێژیی سنووری نێوان عێراق و سووریا 618 کیلۆمەترە. دوای گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای عەرەبیی سووریا، عێراق هێز و رێوشوێنی زیاتری لە سنوورەکە جێگیر کردووە.
عەقید عەباس بەهادلی دڵنیایی دا کە "دۆخی ئەمنی لە سنوور ئارامە و هیچ مەترسی و درزێکی تێدا نییە." جەختیشی کردەوە کە وەزارەتەکەی وەک پەرچەکردار مامەڵە ناکات، بەڵکو وەک ستراتیژێکی نیشتمانیی بەردەوام کار لەسەر داخستنی سنوورەکە دەکات.
سەبارەت بە شێوازی بڵاوبوونەوەی هێزەکان، گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆ روونیکردەوە: "هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە هێڵی یەکەمی بەرگریدان و سوپای عێراقیش لە هێڵەکانی دواوە پشتیوانییان دەکات."
بەهادلی ئاماژەی بەوەشکرد، کامێراکانی چاودێری و سیستمی بینینی لێزەری بە شەو و رۆژ کار دەکەن و دیمەنەکان راستەوخۆ دەگوازنەوە بۆ ناوەندی چاودێری لە فەرماندەیی پاسەوانی سنوور، بۆیە "رێگە بە هیچ هەوڵێکی دزەکردن نادرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ