خۆڵبارینێکی چڕ عێراقی گرتووەتەوە و دەیان کەس رەوانەی نەخۆشخانە کران

30-04-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خۆڵبارینێکی چڕ بەشێکی ناوچەکانی عێراقی گرتووەتەوە و مەودای بینین لە هەندێک ناوچە بۆ کەمتر لە کیلۆمەترێک دابەزیوە. دەیان کەس بەهۆی تەنگەنەفەسییەوە رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
 
لە ئێوارەی دوێنێ سێشەممەوە خۆڵبارینێکی چڕ عێراقی گرتووەتەوە و بۆ شەوەکەی زیاتر چڕبووەوە، بەتایبەتی لە پارێزگەکانی بەسرە، زیقار، موسەننا، نەجەف و بابل.
 
کەشناسیی عێراق: مەودای بینین بۆ کەمتر لەیەک کیلۆمەتر دابەزیوە
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هەندێک شوێن مەودای بینین بۆ کەمتر لە یەک کیلۆمەتر دابەزیوە؛ چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاریگەرییەکە سنوودار و کەم ببێتەوە.
 
لە بەسرە 186 کەس گەیێندراونەتە نەخۆشخانە
 
بەهۆی خۆڵبارینەوە دەیان کەس تووشی هەناسەتەنگی بوون و گەیێندراونەتە نەخۆشخانە. خالید سەلامە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی پارێزگای بەسرە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا 186 کەس بەهۆی هەناسەتەنگییەوە گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکانی بەسرە و چارەسەریان وەرگرتووە و زۆربەیان نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە.
 
لە نەجەف 16 کەس لە نەخۆشخانە چارەسەریان وەرگرتووە
 
هەر لەوبارەوە ماهیر عەبوودی، گوتەبێژی تەندروستی پارێزگای نەجەف، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێوارەی دوێنێ خۆڵبارینێکی چڕ نەجەفی گرتەوە، بەهۆیەوە سەرجەم دامەزراوە تەندروستییەکان خرانە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە.
 
بە گوتەی گوتەبێژی تەندروستی پارێزگای نەجەف، 16 کەس کە تووشی هەناسەتەنگی بوون، گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکانی نەجەف و چارەسەری تەندروستیان بۆ کراوە، دواتر نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە. هیچ مردنێک تۆمار نەکراوە.
 
دوو هەفتە لەمەوبەر شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین نەجەفی گرتەوە، کە سەرچاوەکەی لە سعودیە بوو، ماهیر عەبوودی دەڵێت، ئەوکات نزیکەی 500 کەس گەیێندرانە نەخۆشخانەکان و چارەسەریان وەرگرت.
 
شەوی رابردوو کەشناسیی عێراق ئامۆژگاری هاووڵاتیانی کرد لەو ناوچانەی کاریگەریی خۆڵبارینەکەیان لەسەرە، شەوەکەی بە وشکانی گەشت نەکەن، هەروەها شۆفێرانی رێگەکانی دەرەوەش وریای خۆیان بن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنکەیەکی دەنگدان لە سلێمانی. وێنە: رووداو

رێکارى ژماردنى دەنگی هەڵبژاردن؛ تیروپشک بۆ هاودەنگەکان دەکرێت

تیروپشک بۆ بەربژێرە هاودەنگەکان، پڕکردنەوەی کورسى بەتاڵى بەربژێرى سەرکەوتوو لە لیستەکەى و هەژمارکردنى بەربژێرى ژنى دەرچوو بە دەنگى خۆى لەسەر رێژەى کۆتا، دیارترین ئەو رێکارانەن کە کۆمیسیۆن بۆ دابەشکردنى کورسی و گۆڕینى بەربژێرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق پەسندى کردوون.