رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی هەواڵگریی عێراق رایدەگەیێنێت، 13 "تیرۆریست"یان لە پارێزگاکانی بەغدا و کەرکووک دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە.
رۆژی پێنجشەممە، 30/6/2022، ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئاژانسەکەیان ئۆپەراسیۆنێکیان لە پارێزگاکانی بەغدا و کەرکووک کردووە و 13 "تیرۆریست"یان دەستگیرکردووە، کە بەپێی ماددەی 4ـی تیرۆر داواکرابوون، لەنێویاندا بەرپرسی کوشتن و کۆچپێکردنی هاووڵاتیی بێتاوان هەیە، یەکێکی دیکەیان لە ویلایەتی بەناو باشوور کاری کردووە. یەکێکی دیکەش ئەندامی کەتیبەی سەلاحەددینی داعش بووە و چواری دیکەش لە ویلایەتی کەرکووک بوونە و، پشتیوانی لۆجستیی داعشیان کردووە لە پارێزگاکەدا.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی، کەسێکی دیکەیان لە قەزای دووبز دەستگیرکردووە، کە بەپێی ماددەی 4ـی تیرۆر داواکرابوو و، خۆراکی بۆ چەکدارانی داعش گواستووەتەوە، هەروەها نزیک ماڵەکەی ببووە شوێنی چەکدارانی بیانی، هاوکات سێ براشی چەکداری داعشن.
جگە لەمەش، هێزەکانی ئاژانسی هەواڵگری لە دوو ئۆپەراسیۆندا، یەکەمیان لە سنووری جیاکەرەوەی نێوان پارێزگاکانی دیالە و واست و ئەوەی دیکە لە گوندی حەمیرەی گەورە لە پارێزگای کەرکووک دەستیان گرتووە بەسەر شەش مووشەکی SPG9، گولـلەتۆپی نەمساوی، پێنج گولـلەنەبڕ جۆری RPJ7 و، جلیکان پڕ لە ماددەی C4، 3 بۆمب، 10 راستەی تەقینەوە، هەروەها کەرەستەی خۆراکی، ئەمانە لە شوێنکی چەکدارانی داعش دەستیان بەسەرداگیراوە، کە لەوێوە جموجووڵیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ