رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی جایکای ژاپۆنی قەبارەی وەبەرهێنانەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، پتر لە 11 ملیار دۆلاریان بۆ پڕۆژە جیاوازەکان تەرخان کردووە، کە یەک ملیار دۆلاری تەنیا بۆ کەرتی ئاو و ژێرخانی هەرێمی کوردستانە.
ئامۆژگار حەوێزی، بەڕێوەبەری پێشکەوتووی پڕۆگرامەکان لە ئاژانسی جایکا، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر کار و پڕۆژەکانیان و رایگەیاند، "تەنیا لە هەرێمی کوردستان یەک ملیار دۆلار لە کەرتی ئاو و ژێرخاندا خەرج کراوە." هاوکات دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ئاوەڕۆی بۆ شاری هەولێر راگەیاند.
ئامۆژگار حەوێزی ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەی ئاوی هەرێمی کوردستان بە گوژمەی 329 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراوە. لەو چوارچێوەیەدا وێستگەی ئیفراز 3 لە هەولێر فراوان کراوە و تواناکەی لە 6 هەزار مەتر سێجاوە بۆ 10 هەزار مەتر سێجا بەرزکراوەتەوە، هەروەها 300 کیلۆمەتر بۆریی ئاو گۆڕدراون.
یەکێک لە دەستکەوتەکانی جایکا لە هەولێر، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرا بووە، کە وەک حەوێزی دەڵێت، "بووەتە هۆی داخستنی 900 بیری ئاو لە کۆی 1300 بیر، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزەوی."
بەڕێوەبەرەکەی جایکا مژدەی دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی نوێی بە دانیشتووانی هەولێر دا و رایگەیاند، ماوەی سێ بۆ چوار مانگە کارکردن لە پڕۆژەی ئاوەڕۆی شاری هەولێر دەستیپێکردووە. ئەم پڕۆژەیە تەنیا بۆ پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆکان نییە، بەڵکو ئاوەکە دووبارە بەکاردەهێنرێتەوە بۆ ئاودانی پارک و باخچەکانی شار، تاوەکو چیدی ئاوی بیرەکان بۆ ئەو مەبەستە بەکارنەیەت.
سەبارەت بە مەترسیی کەمئاوی، ئامۆژگار حەوێزی ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر کاریگەریی سیاسەتی ئاوی وڵاتانی دراوسێ و گوتی: "کاتێک پڕۆژەی ئاوی هەڵەبجەمان جێبەجێ دەکرد، ئێران چەندین بەنداوی لەسەر زێی سیروان دروست کرد، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پڕۆژەکە هەبوو."
بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە رێککەوتنی ئەمدواییەی عێراق و تورکیا لەسەر پرسی ئاو، ئاسۆیەکی نوێ بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان دەکاتەوە.
جگە لە پڕۆژەکان، جایکا بایەخێکی زۆری بە گەشەپێدانی توانای مرۆیی داوە. ئامۆژگار حەوێزی رایگەیاند، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندازیار و بەڕێوەبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی ژاپۆن دەکرێن بۆ وەرگرتنی خولی راهێنانی پێشکەوتوو، تاوەکو بە نوێترین تەکنەلۆژیای جیهانی ئاشنا بن.
ئاژانسی جایکا کە سەر بە حکومەتی ژاپۆنە و لە 146 وڵاتی جیهان کار دەکات، لە دوای ساڵی 2003وە یەکێکە لە هاوبەشە سەرەکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بنیاتنانەوەی ژێرخان و کەرتی خزمەتگوزارییەکاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ