رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، هێشتا سێ هەزار هاووڵاتیی عێراقی لە کەمپی هۆل لە سووریا ماون، نزیکەی نیوەیان نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ عێراق.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی شوباتی 2026، کەریم نووری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێشتا نزیکەی سێ هەزار هاووڵاتیی عێراقی لە کەمپی هۆل لە سووریا ماون، لەو ژمارەیەش نزیکەی 1200 کەسیان بەهۆی ئەوەی داواکراون، نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ عێراق".
کەریم نووری گوتی: "عێراق سوورە لەسەر داخستنی یەکجارەکیی دۆسیەی کەمپی هۆل، چونکە ئەو کەمپە بووەتە پێگەیەکی تیرۆر و هەڕەشەیەکی جدییە بۆ عێراق، بەتایبەت کە تەنیا 13 کیلۆمەتر لە سنووری عێراقەوە دوورە."
کەمپی هۆل دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و بە "بۆمبی چێندراو" ناودەبرێت، چونکە دەیان هەزار ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشی تێدایە.
سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەو عێراقییانەی لە کەمپەکە ماون، بریکاری وەزارەتی کۆچ ئاماژەی بەوە کرد، دوای رووداوەکانی ئەم دواییانەی سووریا هیچ کاروانێکی دیکە نەگەڕاوەتەوە، گوتیشی: "پێش رووداوەکان بڕیاربوو کاروانێکی دیکە بگەڕێندرێتەوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخەکەوە پڕۆسەکە دواکەوتووە."
کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا تایبەتە بە شیاندنەوەی ئەو کەسوکارانەی چەکدارانی داعش کە لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستانەوە دەگەڕێندرێنەوە، تاوەکو دواتر بگەڕێنەوە زێدی پێشووی خۆیان لە پارێزگاکانی عێراق.
کەریم نووری گوتی: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 هەزار عێراقی لە کەمپی هۆلەوە گەڕێنراونەتەوە، لەو ژمارەیەش نزیکەی 19 هەزاریان بە تەواوی تێکەڵی کۆمەڵگە بوونەتەوە و گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەبێ ئەوەی هیچ کێشەیەکی ئەمنییان بۆ دروست ببێت".
بەهۆی پەلامار و هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووریا، رۆژی 20ی کانوونی یەکەمی 2026 هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە لە کەمپی هۆل کشانەوە و دواتر سووپا چووە نێو کەمپەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ