رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی سوێد "نیگەرانیی قووڵی" خۆی لە رووداوەکەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو دەربڕیوە کە تێیدا پەنابەرێکی عێراقی لەو وڵاتە لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا قورئانی پیرۆزی سووتاند. دەشڵێت، وەزارەتەکە رایگەیاندووە هەموو کارێکی دژ بە ئایینی ئیسلام رەتدەکاتەوە.
رۆژی هەینی 30-6-2023، د. ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوێد رایگەیاند: "وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە رێگەی باڵیۆزخانەکەیەوە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد کۆپییەکی پەیامی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی پێگەیشت کە لەلایەن (جان کنۆتسن)ـی بریکارییەوە راگەیێندراوە و ئاراستەی سەرۆکی نێردەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لەبارەی سوکایەتیپێکردن بە قورئانی پیرۆزەوە ئاراستەکراوە، تێیدا نیگەرانیی قووڵی لەبارەی رووداوەکەی رۆژی چوارشەممە لە بەردەم مزگەوتی ستۆکهۆڵم دەربڕی."
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی سوێد جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، حکومەتی سوێد بەتووندی دژایەتی ئەو جۆرە کارانە دەکات کە دژایەتی ئیسلام دەکات و پشتیوانی یان چاوپۆشی لەو بۆچوونانە ناکات کە دژایەتی ئیسلام دەکات کە ئەو کەسە لەو رووداوە نیشانی دا.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەبارەی پێشێلکارییەکانی گومانلێکراو بەپێی یاسای تاوانەکانی رقەبەرایەتیی سوێد، روونیشیکردوەتەوە کە لە سوێد مافی دەستووری هەیە لە ئازادی گردبوونەوە و رادەربڕین و خۆپێشاندان، وەزارەتی دەرەوەی سوێد بۆچوونی خۆی لەوبارەیەوە بە پۆلیس گەیاندووە.
هەروەها ئەوەشی ئاشکراکردووە کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونەکانی بۆ ئەوەی دڵنیاببێتەوە لە بایەخی وەڵامدانەوەی سوێد بۆ داواکاری حکومەتی عێراق لەبارەی رادەستکردنی بکەری ئەو "کارە قێزەونە" بۆ ئەوەی بەپێی یاسای عێراق سزای خۆی وەربگرێت.
رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، پەنابەرێکی عێراقی بەناوى سەلوان مۆمیکا لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە سوێد، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، رووداوەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سوێدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.
رۆژی پێنجشەممە 29ـی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی سوێدی لە بەغدا بانگکرد و نامەیەکی "تووندی" ناڕەزایەتی پێدا بەهۆی مۆڵەتدانی دەسەڵاتدارانی شاری ستۆکهۆڵم بە سووتاندنی قورئان لەلایەن ئەو پەنابەرە عێراقییەوە.
هەڵوێستەکەی سەلوان، لە عێراق و وڵاتانی دیکە کاردانەوەی تووندی بەدواداهات، لە سەرکۆنەکردن و بانگکردنی باڵیۆزانی سوێد بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ناڕەزایەتی دەربڕین خۆی بینییەوە، بەڵام لە عێراق تووندترین هەڵوێست نیشاندرا، خۆپێشاندەران ئێوارەی پێنجشەممە چوونە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا و بەڵێنیشیان داوە ئەمڕۆ هەینی لەسەر داوای موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر خۆپێشاندانی ملیۆنی بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ