رووداو دیجیتاڵ
ئەم هەفتەیە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا کۆدەبێتەوە و باسی ژمارەیەک پرسی تایبەت دەکات کە جگە لە ئەدای حکومەت، دابەزینی بەهای دینار یەکێک دەبێت لە دیارترین پرسە گەرمەکان و پێشنیاز بۆ ناردنی شاندێکی حکومەتی عێراق بۆ ئەمریکا بۆ ئەو بابەتە دەکرێت.
رۆژی یەکشەممە 30-7-2023، د. سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر کە یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم هەفتەیە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا و لە نووسینگەی یەکێک لە سەرکردەکانی بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرس کۆدەبێتەوە، لەوانە کارەکانی حکومەت، ئاستی خزمەتگوزارییەکان و نوێترین بەرەوپێشچوون لەم بوارەدا، هەروەها کەرتی دارایی و بانکی یەکێک لە دیارترین پرسەکان دەبێت کە زۆرترین گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەتایبەت دوای سزادانی 14 بانکی عێراقی لەلایەن ئەمریکا و کاریگەریی ئەو بڕیارە لەسەر دابەزینی زیاتری بەهای دیناری عێراقی."
د. سەلام زوبەیدی ئاماژەی بەوەدا، ئەو بابەتە بووەتە پرسێکی جێگەی "مەترسی"، چونکە ئابووریی عێراق لە "مەترسیدایە" و ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک و کەرتەکان و ناسەقامگیرییان هەیە، بەشێوەیەک زیانی ملیاران دینار دەگەیێنێت، ئەوەش وادەکات داهاتووی عێراق بکەوێتە "مەترسییەوە."
ئەمریکا مامەڵەکردن بە دۆلاری لە 14 بانکی عێراقیدا قەدەخە کرد و بەوە تۆمەتباری کردوون کە دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە کە سزای ئەمریکایان لەسەرە.
رۆژی 19-07-2023، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا ئەو سزایەی دوای ئەوە بەسەر ئەو بانکانەدا سەپاند، دەرکەوت ئەو بانکانە لە کردەکانی شووشتنەوەی پارە و مامەڵە داراییە گومانلێکراوەکان و مامەڵە فێڵکارییەکان تێوەگلاون، وەکو چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە.
ئەو بابەتە وایکرد دیناری عێراقی بەشێکی دیکەی بەهاکەی لەدەستبدات.
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر کە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق سەرۆکایەتیی دەکات، باسی لەوەشکرد کە "دابەزینی بەهای دینار یەکێکە لە گەرمترین پرسەکانی شەقامی عێراق، بۆیە دەبێتە بابەتی گەرمی نێو کۆبوونەوەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، چونکە مەترسی دابەزینی زیاتری دیناری عێراقی لە ئارادایە."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە پێشنیازێکی "گرنگ" لەو کۆبوونەوەیە دەکرێت و "ئێستا تێڕوانینێک لەلایەن سەرکردەکانی هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش هەیە کە شاندێکی حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی لەگەڵ بانکی فیدراڵیی ئەمریکا تاوتوێی ئەو بابەتە بکات و لە هەڕەشە و مەترسییەکان بکۆڵێتەوە و پێشنیاز و چارەسەرییەکانی دۆخەکە بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ