لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە واست 3 کەس گیانیان لەدەستدا

30-09-2022
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-
رووداو - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق رایگەیاند، لە رووداوێکی هاتووچۆدا کە ئەمڕۆ بە هۆی بەیەکداکێشانی تانکەرێک و لاندگرۆزەرێک و ئۆتۆمبێلێکی بچووک لەڕێگەی نێوان شاری کوتی ناوەندی پارێزگای واست و بەغدا، سێ سەرنشین گیانیان لەدەستدا.
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەمڕۆ هەینی 30/9/2022 لە راگەیەندراوێکدا، کە کۆپییەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە، دەڵێت: "لە رووداوەکەدا باوکێک و دوو منداڵی کە سەرنشینی ئۆتۆمبێلە بچووکەکە بوون، رزگارکران، بەڵام دایکی ئەو منداڵانە لەگەڵ منداڵێکی و شۆفێری تانکەرەکە گیانیان لەدەستدا".
 
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی عێراق گوتیشی: "بە هۆی سەختی رووداوەکە تیمەکانمان ناچاربوون پلێتی لاندگرۆزەرەکە ببڕن بۆ رزگارکردنی باوکەکە و هەردوو منداڵەکەی و دەرهێنانی تەرمەکان".  
 
بەپێی دەزگای ناوەندیی ئاماریی عێراق، لە ساڵی 2021دا 10 هەزار و 659 رووداوی هاتووچۆ لە عێراق روویانداوە. لە کاتێکدا لە ساڵی 2020دا 8 هەزار و 186 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە