رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری نەینەوا لەبارەی لێکۆڵینەوەکانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی هۆڵی هەیسەم لە قەزای حەمدانیە دەڵێت، راگەیاندنی ئەنجامەکەی دواخراوە و هێشتا لێکۆڵینەوە بەردەوامە.
رۆژی شەممە، 30-9-2023، نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا لەبارەی دواین زانیاریی لەسەر لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی سێشەممە، 26ـی ئەیلوولی 2023 کە تێیدا بەهۆی گڕگرتنی هۆڵی هەیسەمی بۆنەکانەوە لە قەزای حەمدانیە زیاتر لە 105 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 200 کەس برینداربوون؛ لە وەڵامی رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "دوێنێ وەزیری ناوخۆ رایگەیاند ئەمڕۆ ئەنجامەکان رادەگەیێنین، بەڵام ئێستا گوێم لێبوو کە راگەیاندنی ئەنجامەکە دواخرا، چونکە هێشتا لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکەن."
سەبارەت بە دوایین زانیارییەکان لەسەر لێکۆڵینەوەکە کە رۆژی دوای رووداوەکەی حەمدانیە، محەممەد شیاع سوودانی بڕیاری لەبارەیەوە دا و داوایکرد لە ماوەی 72 کاژێردا ئەنجامەکانی ئاشکرابکرێن و لێپرسینەوە لە کەمتەرخەمەکان بکرێت، پارێزگاری نەینەوا دەڵێت، "لێکۆڵینەوە بەردەوامە و زانیاریمان لا نییە، بەڵام ئەوانەی تۆمەتبارن لەم دۆسیە نۆ کەسن."
تایبەت بە ناوەڕۆکی راپۆرتەکە و هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە، نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا ئەوەی گوت کە "لێکۆڵینەوەکە دەریدەخات و وەزیری ناوخۆ ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات."
شەوی 26ـی ئەم مانگە دوای ئەوەی کاژێر 11ـی ئەو شەوە لە ئاهەنگی بووکگواستنەوەدا بەهۆی بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکانەوە بنمیچی هۆڵەکە سووتا و بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی و زۆریی ژمارەی ئەو کەسانەی لە هۆڵەکەدا بوون کە نزیکەی 900 کەس دەبوون و کوژانەوەی کارەبا، تاوەکو ئێستا زیاتر 107 کەس گیانیان لەدەستدا و 38یان ناناسرێنەوە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژێک دوای رووداوەکە سەردانی قەزاکە و شوێنی رووداوەکەی کرد و داوای لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکەی کرد و 72 کاژێری دانا بۆ تەواوکردنی ئەنجامەکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ