رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا چەند بڕیار و راسپاردەیەکی دەرکرد. یەکێک لەوانە رەزامەندیی دەربڕین بوو بۆ پشتبەستن بە سیستمی ڤیزەی ئەلیکترۆنیی فیدراڵی وەک تاکە پلاتفۆرم بۆ دەرکردنی ڤیزەی عێراق و بڕیارەکە لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ دەکرێ.
نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە: "بە ئامانجی بەهێزکردنی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان لە کەرتە جیاوازەکان، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی دەربڕی لەسەر پشتبەستن بە سیستمی ڤیزەی ئەلیکترۆنیی فیدراڵی وەک تاکە پلاتفۆرم بۆ دەرکردنی ڤیزەی هاتن بۆ عێراق و دەرکردنی بەڵگەنامەی بیمەی تەندروستی لە رێگەی ئەو کۆمپانیایانەی بیمە کە مۆڵەتیان لە دیوانی بیمە وەرگرتووە و گرێبەستیان لەگەڵ دەستەی بیمەی تەندروستی هەیە."
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە "دەرکردنی هەموو بەڵگەنامە و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی تایبەت بە بەڕێوەبردنی کاروباری بیانییەکان و نیشتەجێبووان بە شێوەیەکی یەکگرتوو لە رێگەی ئەو کۆمپانیایەی کە سیستمی ڤیزای ئەلیکترۆنی جێبەجێ دەکات، بەڕێوە دەبرێ."
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: "وەزارەتەکانی دەرەوە، ناوخۆ، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری، دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان و نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان پابەند کراون کە هیچ ڤیزەیەکی هاتنەناوەوە نەدەن، ئەگەر بەڵگەنامەی بیمەیان لەو پلاتفۆرمەی سەرەوە بەدەست نەهێنابێت."
هەروەها دەشڵێت: "وەزارەتی ناوخۆ هەڵدەستێت بە پێدانی هەژماری دەروازەی ئەلیکترۆنی (Portal) لە سیستمی ڤیزەی ئەلیکترۆنی، بە دەستەی بیمەی تەندروستی و دیوانی بیمە، بۆ ئەوەی بتوانن چاودێری کارکردنی ئەو کۆمپانیایانەی بیمەی تەندروستی بکەن کە بەڵگەنامەی بیمەی تەندروستی بۆ بیانییەکان و نیشتەجێبووان دەردەکەن."
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕیاری ژمارە (98ی ساڵی 2016) لە پەرلەمان بکشێنێتەوە کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی (پڕۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی خۆلادان لە باجی دوولایەنە و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەبارەی باجی سەر داهات و سەرمایە لەنێوان عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران).
لە چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی کێشەی کەمئاوی، ئەنجوومەنەکە کۆنووسی کۆبوونەوەی راوێژکاریی تایبەت بە کەمئاوی و پڕۆژەی شیرینکردنی ئاوی دەریا و دۆزینەوەی چارەسەری پێویستی پەسند کرد.
بە گوێرەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە چوارچێوەی رێکارەکانی حکومەت بۆ تەواوکردنی پڕۆژە وەستاوەکان، رەزامەندیی لەسەر ئەم خاڵانە درا:
1. زیادکردنی بڕی تێچووی گشتی بۆ پڕۆژەی (دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی لە ناحیەی هاریسە / پارێزگای بەسرە) و (دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 200 قەرەوێڵەیی لە ئەبو خەسیب و زوبێر لە بەسرە).
2. زیادکردنی بڕی تێچووی گشتی بۆ پڕۆژەی (نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی رێگەی پردی ئال جروخی/ بەیزە لە پارێزگای موسەننا).
3. زیادکردنی پێکهاتەی (گەیاندنی ئاوی رووباری دیجلە بۆ پڕۆژەکانی پارێزگای کەرکووک لە چوارچێوەی پڕۆژەی (ئاوی کەرکووک/ قۆناخی دووەم) لەگەڵ زیادکردنی تێچووی گشتیی پڕۆژەکە.
4. زیادکردنی بڕی یەدەگ بۆ پێکهاتەی (نۆژەنکردنەوەی پڕۆژەی ئاوی حومەیدات) کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی سەرەکیی نۆژەنکردنەوەی پڕۆژەکانی ئاو لە ناحیەکانی (گوێڕ، سەنتەری موسڵ، سەنتەری شنگال، سەنتەری حەمدانیە و گەیارەدایە. لەگەڵ زیادکردنی تێچووی گشتیی پڕۆژە سەرەکییەکە.
5. کڕینی 1035 ئۆتۆمبێل بۆ بنکەکانی پۆلیس لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە و زیادکردنی تێچووی گشتیی پڕۆژەی (بەهێزکردنی تواناکانی یەکەکانی وەزارەتی ناوخۆ - قۆناخی دووەم).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ