ئەرشەد ساڵحی داوای ژماردنەوەی کورسییەکانی کەرکووک دەکات

30-12-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
روداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق، داوای ژماردنەوەی کورسییەکانی کەرکووک لە سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات و دەڵێت، "ستەم لە بەرەی تورکمانی کراوە، بە 74 هەزار دەنگ دوو کورسیمان پێدراوە، لیستی دیکە بە کەمتر لەم دەنگانە دوو کورسی و زیاتری هێناوە." 
 
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق رۆژی 26-12-2023، نووسراوی فەرمی بۆ سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە، تێیدا داوادەکات دووبارە کورسییەکانی کەرکووک هەژماربکرێنەوە و دەڵێت، "دەمەوێت باری سەرنجتان بۆ پرسێکی گرنگی هەڵبژاردنەکان لە کەرکووک رابکێشم، لە شیکردنەوەمان بۆ ئەنجامەکان دەرکەوتووە کە جیاوازییەکی گەورە لە دابەشکردنی کورسییەکان هەیە لە نێوان لیستەکان، بەتایبەتی لیستی بەرەی تورکمانی عێراق."
 
ئەرشەد ساڵحی، دەڵێت، "لیستی بەرەی تورکمانی، نزیکەی 74 هەزار دەنگی هێناوە، بەڵام تەنیا یەک کورسی پیاو و کورسییەکی کۆتای ژنی بۆ تەرخانکراوە، لەکاتێکدا لیستی دیکە هەیە بە کەمتر لەو دەنگانە هەمان کورسی، یان زیاتری هێناوە."
 
هاوپەیمانی قیادە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە 61,612 دەنگ ، دوو کورسی هێناوە.
 
ئەرشەد ساڵحی داوا دەکات رەزامەندی بدەن لەسەر دووبارە ژماردنەوەی دەستبەجێی دەنگەکان، "ئەو ستەمە لە دابەشکردنی کورسییەکان هەڵبگرن". پێویستە پرۆسەی هەڵبژاردن  دادپەوەر و بێگەرد بێت، بۆ گەرەنتی نوێنەراتییەکی راستەقینەی دیموکراسی، هیوادارن رێکاری پێویست بگرنەبەر  بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و راستکردنەوەی دۆخەکە. 
 
بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی کۆمیسیۆن، هاوپەیمانیی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە (یەکێتی) 157 هەزار و 649 دەنگی بەدەستهێناوە و 5 کورسیی بردووەتەوە. پارتی دیموکراتی کوردستانیش 52,278 دەنگی بەدەستهێناوە و دوو کورسیی بردووەتەوە. 
 
هاوپەیمانیی عەرەبی 102 هەزار و 558 دەنگی لە کەرکووک بەدەستهێناوە و سێ کورسیی بردووەتەوە. 
بەرەی تورکمانی 75,169 دەنگی بەدەستهێناوە و دوو کورسیی لە کەرکووک بەدەستهێناوە. 
 
 ژمارەی کورسی و دەنگی لایەنەکان لە کەرکووک 
 
- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 157,649 دەنگ؛ 5 کورسی
- هاوپەیمانیی عەرەبی: 102,558 دەنگ؛ سێ کورسی 
- بەرەی تورکمانی: 75,169 دەنگ؛ دوو کورسی
- پارتی دیموکراتی کوردستان: 52,278 دەنگ؛ دوو کورسی 
- عرووبە: 49,919 دەنگ؛ 1 کورسی
- قیادە: 61,612 دەنگ؛ دوو کورسی

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە