رووداو دیجیتاڵ
بەشداریکردنى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە لووتکەى دیموکراسی بووەتە جێگەى رەخنەى بەشێک لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانى پەرلەمان کە گوایە ئیسرائیل بەشداریی تێداکردووە و پێچەوانەى یاساى بەتاوانناساندنى ئاسایيکردنەوەی پەیوەندییە لەگەڵ ئیسرائیل. راوێژکارێكى سوودانى جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بەشداریکردنەکەى بەشێوەى ئۆنلاین بووە لەگەڵ سەرۆکانى ژمارەیەک وڵات و ئیسرائیلى تێدا نەبووە.
رۆژی 29ـی ئادارى 2023، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە یەکێک لە پانێڵەکانی لووتکەى دیموکراسیدا لە رێگەی ئۆنلاینەوە گوتارێکی پێشکێشکرد، کە 115 وڵات تێیدا بەشدار بوون. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل یەکێکی دیکە بوو لە بەشدارانى لووتکەکە.
ئەو بەشداریکردنەى سوودانى بووەتە جێگەى ناڕەزایی و رەخنەى بەشێک لە هێزەکانى ئۆپۆزیسیۆن کە پێیانوایە پێچەوانەى یاسایە.
رۆژی 30ـی ئادارى 2023 بزووتنەوەى ئیمتیداد لە پەرلەمانى عێراق کە یەکێکە لە فراکسیۆنە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە کە بەشداریکردنى سوودانى لەو لووتکەیەدا "پێشێلکردن"ی یاسای بە تاواناساندنى ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە لەگەڵ ئیسرائیل، لە کاتێکدا نوێنەرى ئیسرائیل بەشدارى لە لووتکەکەدا کردووە.
بزووتنەوەى ئیمتیداد دەڵێت، "هەموو رێگە یاساییەکان دەگرینەبەر لەدژى سەرۆکوەزیران بەهۆى ئەوەى ئەو یاسایەى پێشێل کردووە."
رۆژی 30ـی ئادارى 2023، مەسعود راجحی، سەرکردە لە بزووتنەوەى ئیمتیداد و بەرپرسی نووسینگەى بەغداى بزووتنەوەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "رێوشوێنەکان لەدژى سەرۆکوەزیران لەلایەن حەیدەر محەممەد، سەرۆکى فراکسیۆنى ئیمتیداد لە پەرلەمانى عێراق دەگیرێتەبەر لەناو پەرلەمان و دەرەوەى" بەوپێیەى کە بە گوتەى ئەو "پێشێلکارى یاسایی" هەبووە.
بەگوێرەى مادەى حەوتى یاساى بەتاواناساندنى ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، هەر کەسێک لە رێگەى کۆنفرانسەوە هەوڵى ئاساییکردنەوەى یان پەیوەندی دروستکردن بدات بەتاوان هەژماردەکرێت و بەگوێرەى مادەى نۆى هەمان یاسا، ئەگەر ئەو هەنگاوە لەلایەن سەرۆکوەزیران و بەرپرسانى باڵاوە بێت سزاکەى لەنێوان بەندکردنى تاهەتایی تاوەکو لەسێدارەدانە.
حوسێن عەلاوى، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانى عێراق لە تویتێکدا ئەو تۆمەتانەى رەتکردووەتەوە و ئاماژەى بەوەدەکات، محەممەد شیاع سوودانى لەو بەشەى ئۆنلاینى لووتکەکەدا لەگەڵ بەرپرسانى هەریەک لە وڵاتانى ژاپۆن، لاتیڤیا، بربادۆس، گامبیا، ئۆرۆگواى و کۆمارى کابۆ ڤێردێ بەشدار بووە.
راوێژکارەکەى سوودانی وێنەى سەرۆکە بەشداربووەکانى لەکاتى بەشداریى سوودانى بە ئۆنلاین بڵاوکردووەتەوەو نووسیویێتى: "هەوڵى شێواندنى بەشداریى سەرۆکوەزیران وەک تەنیا وڵاتى عەرەبی دروست نییە."
رۆژی چوارشەممە، 29ی ئاداری 2023، لووتکەی دیموکراسی لە واشنتن لە ئەمریکا دەستیپێکرد، لووتکەکە بەشێکە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بۆ چەسپاندنی دیموکراسی لە جیهاندا، کە ساڵی 2021 جۆ بادین، سەرۆکى ئەمریکا دژی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکانی جیهان دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ