رۆژى بڕیاردان لەبارەى قەدەخەکردنى خواردنەوە کحولییەکان دیاریکرا

31-07-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، رۆژی 27ى ئابی دیاریکرد بۆ بڕیاردان لەبارەى ئەو سکاڵایانەی، کە پێشکێشکراون لەدژى بڕیارى قەدەخەکردنى خواردنەوە کحولییەکان، کە لەلایەن سەرۆککۆمار و ژمارەیەک کەسایەتى کریستیان پێشکێشکراون.
 
رۆژی 31ى تەممووزى 2023، دانیشتنێکى دیکەى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەبارەى سێ سکاڵا لەدژى یاسای داهاتى شارەوانییەکان بەڕێوەچوو، کە یەکێک لە بڕگەکانى قەدەخەکردنى خواردنەوە و بارزگانی و فرۆشتنى خواردنەوە کحولییەکانە.
 
دادگەى باڵاى فیدڕاڵى بڕیاری دا، کە دانیشتنەکە بۆ 27ى ئابى داهاتوو دوابخات بەمەبەستى بڕیاردانى کۆتایی لەسەر ئەو سکاڵایانە.
 
سکاڵاکان لەلایەن لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق، ئەسوان کلدانى، سەرۆکى فراکسیۆنى بابلیون لە پەرلەمانى عێراق، مۆلەر مازن یوسف، لەیس یوسف سڵێوە، ئەرشەد خەیرى عەلى، یوسف سلێوە تۆمار کراون و سکاڵالێکراوان محەممەد حەلبوسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق و محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراقن. 
 
یوسف سلێوە، کە یەکێکە لە سکاڵاکارەکانی بە رووداوی راگەیاند: "دادوەری دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری دا دانیشتنەکە دوابخات، بە مەبەستی بڕیاردانی کۆتایی لەسەر سکاڵاکان."
 
لەو سکاڵایەدا داواکراوە دادگە بڕیار لەسەر نادەستووریبوونی یاسای داهاتى شارەوانییەکانى ساڵى 2023 بدات.
 
مادەی 14ـی یاساکە ناکۆکی دروستکردووە، لەو مادەیەدا هاتووە: "هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە قەدەخە دەکرێت." 
 
بڕگەی دووەمی ئەم مادەیەش سزای بۆ ئەو کەسانە دیاریکردووە، کە پێچەوانەی ئەو دەقە کاردەکەن و سزای دارایی دیاریکراوە کە لە 10 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 25 ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە