چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە یەکەوە بۆ حەوت؛ پەرتەوازەبوون لە یەکەم وێستگەی هەڵبژاردندا

01-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پێدەچێت هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تاقیکردنەوەی یەکەمی قورسی ماڵە گەورەکەی شیعەکان بێت، هەرچەند ئێستا یەکگرتوو دەردەکەوێت، بەڵام دابەشبوونەکانی پێشوەختەی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەو هاوپەیمانێتیەی دژایەتیکردنی سەدر و سەدرییەکان لایەنە ناکۆکانی نێوی کۆکردەوە، هەڕەشە لە داهاتووی دەکات. 
 
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، کە یەکێک لە پێکهێنەرەکانی چوارچێوە، سێ هۆکار لەپشت دابەشبوونی چوارچێوە بەسەر حەوت هاوپەیمانێتی دەزانێت و دەڵێت نەگەیشتن بە رێککەوتن. سەرکردەیەکی دەرەوەی هاوپەیمانێتییەکەش دەڵێت، "لەداهاتوودا لاواز دەبێتەوە."
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە یەکەوە بۆ حەوت
 
بڕیارە 18-12-2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بەڕێوەبچێت، رۆژی شەشی ئەم مانگە کۆتا وادەیە بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان.
 
ئێستا هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە زیاتر لە 200 پەرلەمانتارەوە گەورەترین هێزی شیعەیە لە پەرلەمانی عێراق، لە یەکەم ئەزموونی لە هەڵبژاردندا پەرتەوازەیی یەخەی گرتووە، بەشێوەیەک ئەو هێزە ئێستا بەسەر حەوت هاوپەیمانی دیکە دابەشبووە، کە پێکدێن لە: 
 
- هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی (فەتح بەسەرۆکایەتیی هادی عامری، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی).
 
- هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا (هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، جوڵانەوەی بەشائیر و ژمارەیەک کەسایەتیی سەربەخۆ).
 
- هاوپەیمانیی رەوتی فوراتەین، محەممەد سەهیود، ئەندامی پێشووی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا و ئامۆزای محەممەد شیاع سوودانی و ژمارەیەک کەسایەتی. هەروەها گفتوگۆی لەگەڵ ژمارەیەک پارتی سیاسی دەستپێکردووە بۆ ئەوەی بچنە نێو هاوپەیمانییەکە.
 
- هاوپەیمانیی ئیعتیدال، لە هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەری عەبادی و رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم پێکدێت.
 
- هاوپەیمانیی نوسەحیح (نصحح)، لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بە سەرۆکایەتی هومام حەموودی، پارتی (أقتدار الوطن) و ژمارەیەک لە پارێزگارەکانی پێشوو و کەسایەتی و حیزبە نوێیەکان پێکدێت.
 
- هاوپەیمانیی خزمەتگوزارییەکان: لەلایەن ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە کابینەی محەممەد شیاع سوودانی و گوتەبێژی پێشووی دەستەی حەشدی شەعبی و ژمارەیەک کەسایەتی نزیک لەو پێکدێت.
 
- هاوپەیمانیی بەهاکانی مەدەنی: لە حیزبی شیوعی و جوڵانەوەی "نازل اخذ حقي"، پارتی ماڵی نیشتمانی، حیزبی رەوتی کۆمەڵایەتی و دیموکراسی و پەرلەمانتار سەجاد سالم و رەوتی وەعدی عێراقی و پارتی ریادە و ژمارەیەک کەسایەتی و گردبوونەوەی دیکە پێکدێت کە بەشێکیان پێشتر لەنێو هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوون.
 
رۆژی سێشەممە، 1-8-2023، د. سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، کە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیری پێشووتری عێراق سەرۆکایەتی دەکات، لەبارەی دابەشبوونەوەی هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەسەر چەند هاوپەیمانێتییەک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەداخەوە هێزەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەیانتوانی بەیەک هاوپەیمانێتی یان بەهەمان ناوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە یەکگرتوویی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن".
 
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، پەرتبوونی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە، لەوانە: "یەکەمیان زۆریی لایەنەکانی نێو هاوپەیمانێتییەکە، بڕیاری پێشوەختەی بەشێک لەلایەنەکان بۆ بەشداری و تاقیکردنەوەی خۆیان، جگە لە جیاوازی بۆچوونەکان و بوونی تێبینی بەشێک لەلایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر یەکدی."
 
زوبەیدی پێیوایە ئەو دابەشبوونەی لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی روودەدات دۆخێکی ئاساییە و جێ مەترسی نییە: "دابەشبوونەکە تەنیا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە و دواتر هەموو هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەچنەوە پاڵ یەکدی و کێشەیان نییە."
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لەدوای هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 دروستبوو، زۆرینەی لایەنە شیعییەکان بە میلیشیاکانیشەوە لەنێویدا یەکیانگرتووە، هۆکاری دروستبوونی هاوپەیمانێتییەکە ئەو دەنگە کەمانە بوو کە لەهەڵبژاردنی 2023 لایەنە پێکهێنەرەکانی بەدەستیانهێنا، هەمووشیان رەوتی سەدریان بە ساختەکردنی هەڵبژاردنەکان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیشیان بە دەستکاریکردنی دەنگەکان تۆمەتبارکرد و لێرەوە ئەو هاوپەیمانێتییە لە یەکگرتووبوون لەدژی سەدرەوە بووە پێکهێنەری سەرەکیی حکومەت.
 
لەبارەی مەترسییەکانی دابەشبوونەوەی هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەسەر پارت و هاوپەیمانێتی و لایەنە سیاسییەکانیان، رۆژی سێشەممە، 1-8-2023، یاسر سالم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی عێراق و یەکێک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی بەهاکانی مەدەنی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاوپەیمانێتییەکی لە جۆری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەرژەوەندیی و دژیەکی زۆری تێدایە، بۆیە دابەشبوونەوەی چاوەڕوانکراوە و ئەگەری زۆری هەیە ئەوە لە داهاتوودا زیاتر و تووندتربێت، چونکە ئەو هاوپەیمانێتییە ئێستا ناکۆکیی زۆری تێدایە بەتایبەت بەهۆی بەرژوەندیی دارایی و پشکەکانیان لە حکومەت."
 
یاسر سەلام گوتیشی: "ناکۆکیی تووند لەنێوان توندڕەوەکانی هاوپەیمانێتییەکە و ئەو لایەنانە هەیە کە جۆرێک میانڕەوییان تێدایە، ئەوەش تا دێت زەقتر دەبێت، بۆیە پێکهێنەرەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەکردەیی یەکیاننەگرتووەتەوە تاوەکو دابەش ببنەوە، ئەوەی هەیە پێکەوەبوونە بۆ دابەشکردنی بەرژەوەندی و کێکی دەسەڵات، لەداهاتوودا ئەوان لاواز دەبنەوە."
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکهێنەرێکی سەرەکیی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە، کە لایەنە کوردستانییەکانیشی تێدایە، چوارچێوە هیچ سەرۆکێکی تێدانییە، بڕیاردان تێیدا بەزۆرینەی دەنگە، هاوپەیمانیی زۆرینەی حکومەتە، جگە لە سەرۆکوەزیران بەشێکی زۆری وەزارەتەکانیشی لەلایە، چاوەڕوانییەکان وان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دابەشبوونی زیاتر بەخۆوە ببینێت
 
رەوتی سەدر خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە
 
رەوتی سەدر هێشتا بەفەرمی یەکلایی نەکردووەتەوە بەشداریی هەڵبژاردنی 2023ـی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی دەکات یان نا، بەڵام رەنگبێت کاژێرەکانی چەند رۆژی داهاتووی پێش 6ـی ئەم مانگە بۆ ئەو پرسە یەکلاکەرەوە بێت، سیناریۆکانی بەردەم رەوتەکە بەستراوەتەوە بەیەک بڕیاری موقتەدا سەدری رێبەری کە بەڵێ یان نەخێرە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرکردەکانی رەوتەکە سەرقاڵی دانانی دوایین پەنجەمۆرەکانیان لەسەر راپۆرتێکی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە کە ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە دەستیانپێکردووە و بڕیارە لەچەند کاژێری داهاتوودا رادەستی رێبەرەکەیانی بکەن بۆ ئەوەی ئۆکەی لەسەر بکات یان رەتیبکاتەوە.
 
سەجاد عوتێبی، یەکێک لە سەرکردەکانی رەوتی سەدر لە پارێزگای بەسرا، لەبارەی بەشداریکردنی رەوتەکەیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، بە رووداوی گوت: "هێشتا بڕیاری بەشداریکردن یان نەکردن نەدراوە، ئەوە لە دەستی یەک کەسدایە کە بەڕێز موقتەدا سەدرە، ئەگەر بڕیار بە بەشداریکردن بدات ئەو کات بەگوڕوتینی ساڵی 2021ەوە بەشداری دەکەین و گەرمتریش هەوڵ بۆ گەیشتن بە دەسەڵات دەدەین."
 
پێشبینیکردن بۆ هەڵوێستەکانی موقتەدا سەدر ئاسان نییە، چونکە ئەو سەرکردەیە بڕیارەکانی لەناکاون. دەبێت چاوەڕێی گوتارێکی نوێژی هەینی، ئێکسێکی خۆی، یان وەزیرەکەی بکەی.
 
رۆژی پێنجشەممە، 15-07-2021 موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بڕیاری دا بەشداری هەڵبژاردنەکانی 2021ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەکات، بەڵام دواتر پاشکەزبووەوە بە بەدەستهێنانی 73 کورسی لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021، بووە هێزی یەکەم، بەڵام رۆژی 12ـى حوزەیران، 73 ئەندامەکەى فراکسیۆنى سەدر لە پەرلەمانى عێراق دەستیان لەکارکێشایەوە.
 
سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە بەهۆی کشانەوەی سەدرییەکانەوە بوونەتە زۆرینەی پەرلەمانی، هەرچەندە بە رووکەش لەگەڵ بەشداریکردنی رەوتی سەدر بن، بەڵام چاوەڕێی ئەو رۆژە دەکەن، سەدر هەڵبژاردنەکە بایکۆت بکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە