جیاوازیی مووچەی نیڤشکانانی عێراق و هەرێمی کوردستان 150 هەزارە؛ 'قبووڵکراو نییە'

31-07-2025
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
کۆنفرانسەکە بەبێ بەشداریی نوێنەرانی کورد بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسەکە بەبێ بەشداریی نوێنەرانی کورد بەڕێوەچوو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە کۆنفرانسی نیڤشکانانی عێراق، نە نوێنەری هەرێمی کوردستان ئامادە بوو نە کەسێک بەرگری لە مافی نیڤشکانانی بکات و باسی ماف و جیاوازی و کەمی مووچەکانیان بکات.
 
پەیامنێری رووداو بابەتەکەی وروژاند و پرسیاری کرد، ئەم جیاوازییە لە پای چی و بۆ دەکرێت لەنێوان نیڤشکانانی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەتایبەتی لە پرسی مووچەدا.
 
مووچەی نیڤشکانان لە عێراق لە 175 هەزار دینارەوە زیاد کراوە بۆ 250 هەزار دینار کەچی بۆ هەرێمی کوردستان مانگانە 100 هەزار بڕاوەتەوە. 
 
مۆفەق خەفاجی، سەرۆکی کۆمەڵەی نیڤشکانانی عێراق دەڵێت، "قەیران هەیە بەربەست و رێگری هەن کە رووبەرووی نیڤشکانان بوونەتەوە، بەڵام لە کوردستان بەجۆرێکە لە شارەکانی دیکەی عێراق بەجۆرێکی دیکەن، بەڵام بەداخەوە ئێمە هیچ پەیوەندیمان  بە هۆکارەکەیەوە نییە، خەرجنەکردنی مووچەی نیڤشکانی هەرێمی کوردستان بەڕاستی قبووڵکراو نییە و دەبێت بەو بریارەدا بچنەوە، دەبێت مووچەکانیان بە شکۆوە خەرجبکرێت و جیاوازیان لە نێواندا نەکرێت." 
 
بەپێی یاسا و لە پەرلەمانی عێراقەوە مووچەی نیڤشکانی عێراق زیادکراوە، بەڵام هێشتا وەزارەتی دارایی عێراق یاساکەی نەخستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بڕیار واتە ئەگەر تێکنەدرێت لەگەڵ جێبەجێکردنی یاساکە، نیڤشکانانی کوردستانیش سوودمەند دەبن، واتە مووچەکانیان هاوتا دەکرێت و دەبێتە250  هەزار دینار، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی کار و کاورباری کۆمەڵایەتیی کوردستان سەرجەم تێبینی و داواکارییەکانی بەغدای جێبەجێکردووە.
 
حوسێن عەرەب، سەرۆکی لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ئێمە هاوسۆزین لەگەڵ هەرێم کە پێویستە هاوکاری نیڤشکانان بکرێت. دەکرێت بووچونەکان لەسەر ئەو پرسە یەک بخرێن کە مووچەکانیان هاوتا بکرێت، ئێمە یەک گەلین، بۆچی لەوێ بەشێوەیەک بێت لێرە بەشێوەیەکی دیکە، ئێمە هەوڵەکانمان خستووەتەگەڕ، تاوەکو هاوکاری خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت." 
 
بەگوێرەی ئاماری یەکێتیی نیڤشکانان، لە هەرێمی کوردستان 89 هەزار نیڤشکان مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە و نزیکەی 40 هەزاری دیکەش لە ساڵی 2013ـەوە چاوەڕوانی تۆمارکردنن بۆ وەرگرتنی مووچە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە